بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ڕای گەیاند، بەشەخۆراكی مانگانە كە فەوتاون قەرەبوو دەكرێنەوە و لە ماوەی یەك ساڵیشدا یەكجار مادەی برنج لەگەڵ بەشەخۆراك لە بەغداوە ڕەوانە كراوە.
شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ڕاگەیاند: “تا ئێستە بەغدا بۆ ساڵی 2017 یەكجار برنجی وەك بەشە خۆراك بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش كردووە و چەند ڕۆژی رابردووش بەشێكی تر لە برنج ڕەوانە كراوە، بەڵام جاری دابەش نەكراوە.”
وتیشی: “شەكر تا مانگی حەوتی ئەم ساڵ دابەش كراوە و ڕۆنیش تا مانگی هەشت دابەش كراوە هەروەها ئەو بەشە خۆراكانەیشی كە لەم ساڵدا نادرێت و بە فەوتاو حیساب دەكرێ لە بەرانبەردا قەرەبووی هاووڵاتییان دەكرێتەوە.”
بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی، ساڵی ڕابردووش بەغدا هەر سێ بەشە خۆراكی برنج و ڕۆن و شەكری هاووڵاتییانی لە كاتی خۆی نەنارد و چەند مانگێك قەرزارە.
دواكەوتنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لە كاتێكدایە كە ئێستە لە ناو مانگی 12 داین و تا ئێستە بەشەخۆراكی مانگی هەشت و نۆ دابەش نەكراوە.