داخستنی فڕۆكەخانەكان 10 ملیۆن دۆلار زیانی پێ گەیاندن

بەشێك لە كۆمپانیاكان و بازرگانان لە دوو مانگی ڕاگرتنی گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی هەرێمەوە هیچ كەلوپەلێكیان هاوردە نەكردووە، كۆمپانیا و نووسینگەكانی بواری گه‌شتیاری 10 ملیۆن دۆلار زیانیان بەركەوتووە، 175 دۆلاریش چووەتە سەر هەر گەشتێكی گەشتیاران بەراورد بە پێشوو.

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی ڕابردوو، بە چەند ڕۆژێك حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی ‌و هەولێری دەركرد و كاتی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانیش دیار نییە.

عەتا ئەنوەر، نوێنەری كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكانی پارێزگای سلێمانی وتی: ״زیاتر لە 85 كۆمپانیا و 120 نووسینگەی گەشتیاری بوونیان هەیە و هەر كۆمپانیایەك لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا 100 هەزار دۆلار زەرەریان كردووە، بە كۆی گشتی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار زەرەری داراییان كردووە״.

ئاماژەی بەوەش كرد، هیچ كۆمپانیا و نووسینگەیەكی گەشتیاری دانەخراون، بەڵام بێئیش دانیشتوون و چاوەڕێی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانن، زیانەكانیش ئەوەیە كە كاری ئەو كۆمپانیا و نووسینگانە بە هۆی ڕاگرتنی گەشتی فڕۆكەخانەكانەوە ڕاوەستاوە كە پێشتر كاری تكت و فیزا و هەندێكیشیان كاری گەیاندنی شتومەكیان بۆ درەوەی وڵات دەكرد.

عەتا وتیشی: ״حكومەتی عێراق لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە زەریبەی لەسەر گەشتیارانی كورد زیاد كردووە و هەر گەشتیارێك سەفەر بكات لە سلێمانییەوە بۆ هەر وڵاتێك، بێجگە لە بڕینی تكتەكەی بڕی 175 دۆلاری تر دەبێت بدات، بەو حكومەی دەچێتە بەغدا ئینجا بۆ وڵاتی مەبەست دەڕوات، ئەم زەریبەیە بۆ ختووتی جەویی عێراقی دەڕوات كە سەر بە حكومەتی عێراقییە״.

بەشێك لەو كەلوپەلانەی لە ڕێگەی فڕۆكەوە دەهێنرانە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا هاوردەكردنیان ڕاگیراوە، بەشێك لە بازرگانەكانیش ترسیان هەیە فڕۆكەخانەی بەغدا بەكار بهێنن.

ڕزگار محەمەد ئەمین، خاوەنی یەكێك لەو كۆمپانیایانەی كەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێل و ئامێری پشكنینی ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم دەكات، ڕاگەیاند که‌ ئەوان كەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێل دەهێنینە كوردستانەوە لە وڵاتی دوبەیەوە، لەگەڵ ئامێری پشكنینی ئۆتۆمبێل، بەڵام هاتوچۆیان زەحمەت بووە ‌و ناتوانن ئامێرەكان بهێنن لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی بەغداوە.

وتیشی: ״كۆمپانیا هەیە ئامادەیە لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی بەغداوە بیهێنێت، بەڵام لەوێ كێشەیان بۆ درووست دەبێت‌ و لە ترسی دەستگرتن بەسەریدا كارەكانیان ڕاگیراوە ‌و بەو هۆیەوە تووشی زیانی ماددیی زۆر بوون״.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ״داخستنی فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێر بووه‌تە هۆكاری ئەوەی كاری بازرگانان ‌و كۆمپانیاكان بە گشتی ڕابگیرێت ‌و بۆ هاتوچۆكردنیان كاتێكی زۆر زیاترمان دەوێت، هیوادارین هەرێم ‌و بەغدا بگەنە ئەنجام ‌و چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن.״

بەشێك لە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی تەنیا لەوەدا زیان ناكەن كە گەشتیارانیان كەمی كردووە، بەڵكو لەوەشدا زیان دەكەن ئەو ژمارە كارمه‌ندەی پێشووتر پێویستیان بوو بە هۆی گەشتی بەردەوامەوە، ئێستا ئەو ژمارە كارمەندەیان پێویست نییە.

بەكر سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای ئەزمەڕ ئێری فڕۆكەوانی لە لێدوانێكدا وتی: ״ئێمە كۆمپانیایەكی بازرگانین ‌و بازرگانیمان لە فڕۆكەخانەی سلێمانی كردووە، پارەیەكی زۆرمان خەرج كردووە، زۆرترین زیان بەر كۆمپانیاكەی ئێمە كەوتووە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی ‌و هەولێریش، خزمەتگوزارییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی زائیدەن كۆمپانیای گوندی كاربۆ كە 6 ملیۆن دۆلاری تێ چووە بۆ دامەزراندنی و سەر بە كۆمپانیاكەمانە״.
ئاماژەی بەوەش كرد، 560 كارمەندیان هەیە ‌و مووچەشیان دەدەنێ ‌و ماوەی دوو مانگە لە زەرەری گەورەدان.

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای ئەزمەڕ ئێر ئەوەشی ڕوون كردەوە، داخستنی فڕۆكەخانەكان زەرەری لە هەموو كەسێك داوە؛ لە پسكیتفرۆشێكەوە هەتا حكومەت و كێشەی ڤیزاش درووست بووە كە وڵاتان وەك جاران ڤیزا نادەن.

دەستپێكردنەوەی گەشتی فڕۆكەخانەكان پێویستی بە ڕێككەتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، تا ئێستاش بەغدا ڕەزامەندیی پیشان نەداوە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتۆگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان.

تاهیر قادر، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی سلێمانی وتی: ״داخستنی فڕۆكەخانەكان سیاسییە ‌و بووه‌تە بەڵای سیاسی بەسەرمانەوە ‌و تا ئێستاش هیچ مەسجێك نەهاتووە بۆ ئێمە كە چ كاتێك فڕۆكەخانەكان دەكرێتەوە״.

ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو، هەتا سیاسییەكانی هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا نەكەن‌ و كێشەكان چارەسەر نەكەن هیچ كاتێك ناتوانن بڵێن فڕۆكەخانەكان دەكرێنەوە.

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، فشارەكانیان هیچ سوودێكی نابێت ‌و ئەگەر بە ڕێگەی یاساییش بیكەن بەغدا دەكەنە پاڵەوان.

بەكر ئەمین، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان  ڕاگەیاند: ״وەكو پەرلەمانتارانی كورد ئەگەر فشاری سیاسییش بكەین بۆ كردنەوەی دوو فڕۆكەخانەكە جێگە ناگرێت، ئەگەر لە ڕووی یاساییەوە سكاڵا لە دادگای ئیتحادییش تۆمار بكەین شیعە ‌و سوننە لەگەڵماندا نابن ‌و ئەوكاتە بەغدا دەبێتە پاڵەوان״.

لە ئێستادا هەر كەسێك بیەوێت گەشتی دەرەوەی وڵات بكات دەبێت لە ڕێگەی هەردوو فڕۆكەخانەكەی هەرێمەوە بچێتە فڕۆكەخانەی بەغدا و دواتر گەشت بۆ دەرەوە بكات.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ‌و گەیاندنی حكومەتی هەرێم وتی: ״ئێمە وەكو وەزارەت زۆر هەوڵمان داوە ‌و گفتوگۆش لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق كراوە، بەڵام بڕیارەكە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق داویەتی‌ و ئێمەش داواكەمان بردووه‌تە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ‌و پێیان ڕاگەیاندووین یەكێك لە خاڵە ئەساسییەكانی گفتوگۆی هەرێم ‌و بەغدا دۆسیەی كردنەوەی فرۆكەخانەكان دەبێت״.
 
ئاژانس