“هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم بۆ بازاڕه‌كانی‌ جیهان، ده‌ستورییه‌”

بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ نه‌وت‌و غاز له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ڕاسته‌وخۆ بۆ بازاڕه‌كانی‌ جیهان، كارێكی‌ ده‌ستورییه‌.
(قاسم محه‌مه‌د) بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ نه‌وت‌و غاز له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، سه‌ر به‌هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، به‌گوێره‌ی‌ بڕگه‌ی‌ (یه‌ك)‌و بڕگه‌ی‌ (دوو)ی‌ ماده‌ی‌ (112)ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراق، حكومه‌تی‌ به‌غدا‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و ئه‌و پارێزگایانه‌ی‌ نه‌وتیان تێدا به‌رهه‌ده‌هێنرێت، مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌شداری‌ داڕشتنی‌ سیاسه‌تی‌ ستراتیژی‌ نه‌وت‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان بكه‌ن، وتیشی‌:”ئه‌وه‌ش ئه‌و ڕاستیه‌ پشتڕات ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌رێم مافی‌ هه‌یه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ بكات”.
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، به‌گوێره‌ی‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ ساڵی‌ (2007)ی‌ نێوان هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ عێراق، ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا تاوه‌كو مانگی‌ (ئایار)ی‌ هه‌مان ساڵ ڕێكنه‌كه‌وتن، ئه‌وا هه‌ردوولا مافی‌ ئه‌وه‌یان ده‌بێت گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا‌و وڵاتاندا واژۆ بكه‌ن، تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ پرۆژه‌یاسای‌ نه‌وت‌و غاز له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق په‌سه‌ند ده‌كرێت.
له‌ئێستادا هه‌رێمی‌ كوردستان (15) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ڕۆژێكدا، له‌ڕێگه‌ی‌ به‌نده‌ری‌ (مێرسین)ی‌ توركیاوه‌، ڕاسته‌وخۆ هه‌نارده‌ی‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهان ده‌كات.