سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بەیاوەری وەفدێك گەیشتنە پاریس پایتەختی فەرەنساو بڕیاریشە سبەینێ لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆببنەوەو پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداو هەروەها هەرێم و فەرەنسا تەوەری كۆبوونەوەكان بێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ 1ی كانونی یەكەمی 2017، لەسەر بانگهێشتی رەسمی ئێمانۆئێل ماكرۆن سەركۆماری فەرەنسا، وەفدێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەیاوەری فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، گەیشتنە پاریسی پایتەختی فەرەنسا.
بڕیاریشە سبەینێ شەممە 2ی كانونی یەكەمی 2017، ئێمانۆئێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئێلیزێ لە پاریس پێشوازی لە وەفدی هەرێمی كوردستان بكات و لەكۆبوونەوەیەكدا بارودۆخی گشتیی عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا تاوتوێ بكرێت، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنساش دەخرێتە بەرباس.
حكومەت و گەلی فەرەنسا پەیوەندییەكی دێرینیان هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەمیشە لە قۆناغە جیاكاندا پشتگیری و پشتیوانیی بەردەوامی خۆیان پێشكەش بەگەلی كوردستان كردووە، سەردەمی سەرۆكی خوالێخۆشبوو فرانسوا میتەران، لەكاتی دەركردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بۆ دانانی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی گەلی كوردستان لە ساڵی 1991، حكومەتی فەرەنسا رۆڵێكی كارای هەبوو. هەروەها فەڕەنسا لەكاتی شەڕی رێكخراوی تیرۆرستی داعشدا، پشتیوانی و هاوكاریی زۆری پێشمەرگەی كردووە، هەر لەو كاتەشدا سەرۆكی پێشوی فەرەنسا فرانسوا ئۆلاند دووجار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردوە.