رەزا زراب لەدادگای ئەمریكا دان بەتێوەگلانی ئەردۆگان دەنێت لە دۆسیەكەدا


 لەدادگای ئەمریكا رەزا زراب دان بەوەدا دەنێت بەرەزامەندی ئەردۆگان بازرگانی نایاسایی لەگەڵ ئێران كردووە.

رۆژنامەی زەمانی توركی بڵاویكردەوە رەزا زراب بازرگانی توركیای بە رەچەڵەك ئێرانی، لەپرۆسەی دادگاییكردنەكەی لەدادگایەكی ئەمریكی دانی بەوەداناوە بە رەزامەندی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا  بازرگانی نایاسایی لەگەڵ ئێران كردووە لەرێگەی قۆستنەوەی سیستمی  جیهانیی ئەمریكی بۆ پێشێلكردنی سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران. 

چاودێرانیش ئاماژە بەوەدەكەن دانپێدانانەكانی رەزا زراب لەپرۆسەی دادگاییكردنەكان لەسەر تێوەگلانی ئەردۆگان لەو دۆسیەیە، سەرۆك كۆماری توركیا دەخاتە بارودۆخێكی شلۆقەوە و ئەگەری ئەوە هەیە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا چەند سزایەكی ئابوری گەورە بەسەر ئەو بانكە توركییانە بسەپێنن كە لەو دۆسیەیەدا تێوەگلاون.  

هەروەك هەموو ئەو بانگەشانەی ئەردۆگانیش بەدرۆ دەخاتەوە كە وتبووی لێكۆڵینەوەكانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن لەساڵی 2013 لەدژی،  وەك پیلانێك و كودەتایەك بووە بەسەر حكومەتەكەی لەو سەردەمەدا.