رێژەی بێكاری لەناو گەنجاندا بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، چاوەڕوانیش دەكرێت تا كۆتایە ئەمساڵ رێژەی بێكاری لەناو گەنجاندا بگاتە سەرو (13%)ە.
70 ملیۆن و 900 هەزار بێكار
لەوبارەیەوە، رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی لە راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بەكارپێكردنی گەنجان لەسەر ئاستی جیهان ئاماژەی بەوە كردووە، لەساڵی 2017، ژمارەی گەنجانی بێكار گەیشتۆتە 70 ملیۆن و 900 هەزار كەس لەجیهاندا چاوەڕوانیش دەكرێت رێژەكە تا كۆتای سالێ 2017 بگاتە 71 ملیۆن و 100 هەزار گەنج.
رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی لە راپۆرتەكەیدا هۆشداریشی داوە لە بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری گەنجان لەجیهاندا و پێشبینی ئەوشی كردووە لەداهاتوودا رێژەی بێكاری لەناو گەنجاندا بۆ سەروو (13%) بەرزبێتەوە.
راپۆرتەكە رێژەی بێكاری لە ئەمساڵدا بەراورد كردووە بە ساڵی 2009 كە جیهان توشی قەیرانی دارایی سەخت بووە و رایگەیاندووە: لەساڵی 2009 رێژەی بێكاری لەناو گەنجاندا نزیكەی 77 ملیۆن كەس بووە كە ئەوەش رێژەیەكی زۆرە بەرامبەر بە ساڵی 2017 كە زیاترە لە 70 ملیۆن كەس.
سێ دۆلار و 10 سەنت
بەپێی راپۆرتەكەی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، رێژەی بێكاری لەناو كچاندا زۆر زیاترە وەك لە كوڕان، بەجۆرێك لەناو كچاندا رێژەی بێكاری زیاترە لە 34% كە ئەوەش رێژەیەكی زیاترە بەرامبەر بە كوڕان كە نزیكەی 9%یەو هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە زۆرێك لە كوڕان وازیان لە خوێندن هێناوە.
جگە لە بێكاری راپۆرتەكە نیگەرانی دەڕبڕیوە بەرامبەر بە رەوشی گەنجان لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان و ئەوەی ئاشكراكردووە، 160ملیۆن گەنج لەو وڵاتانە بە كەمتر لە سێ دۆلار و 10 سەنت رۆژانە كار دەكەن.
هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: لەناو پێنج گەنج لەجیهاندا لەوانەی كە بەدەستی كار دادەندرێت، دوو گەنج بێكارن یان لە رەوشێكی زۆر خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، ئەوەش كاریگەری گەورەی كردۆتەسەر كۆمەڵگە بەگشتی.
عیراق و هەرێمی كوردستان
سەبارەت بە رێژەی بێكاریش لە عیراق، رۆژنامەی حەیاتی چاپی لەندەنی لە مانگی ئابی ئەمساڵ ئاماژەی بەوەكردووە، رێژەی بێكاری و هەژاری لەعیراق رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بۆ 20% بەرزبۆتەوە لە هەندێك پارێزگاش كە لەژێر دەستی داعشدا بووە گەیشتۆتە 45%.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش، بەهۆی قەیرانی داراییەوە رێژەی بێكاری زیادیكردووە لەوبارەیەشەوە، مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای سلێمانی بە كەناڵی كوردسات نیوزی راگەیاندووە، تا سەرەتای ساڵی 2014 رێژەی بێكاری لە 6% بوو، بەڵام ئێستا رێژەی بێكاریش بەرز بۆتەوە بۆ لە (14%).
كوردستانی نوێ