قایمقامیەتی سلێمانی: باڵەخانەکان دەپشکنین

قایمقامیەتی سلێمانی، رایدەگەیەنێت، بەمەبەستی دڵنیابوونەوەو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان، لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەکان رۆژانە سەردانی باڵەخانەکانی بازرگانی و نیشتەجێبوون دەکات و لەحاڵەتی ھەبوونی کەموکورتیەکاندا خاوەنەکەی ئاگاداردەکاتەوەو دەشڵێت، ھەندێکیان بەبڕی ٦ ملیۆن دینار سزادراون.

بەپێی راگەیاندنی قایمقامیەت، ئاوات عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەکان و نوێنەری بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە لیژنەھاوبەشەکان رایگەیاندووە، لەسەر فەرمانی قایمقام و بەھۆی رووداوی زەمینلەرزەی چەند رۆژی رابردووەوە، سەردان و پشکنینی لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەکانەکان زیاتر بووە، “بۆ دڵنیابوونەوەش لە سەلامەتی باڵەخانەکان پشکنینی زیاتر ئەنجامدەدەین”.

ھەروەھا دەڵێت، ژمارەی سەردانی لیژنەکانیان پاش رووداوی زەمینلەرزەکەی کوردستان زیادییکردووەو ئەمەش ژمارەیەکی زۆر باڵەخانەی بازرگانی و نیشتەجێبوونی ناوشاری سلێمانی گرتووەتەوە.

ئاوات عەلی ئەوەشی خستووەتەڕوو”لەسەردانەکانیشماندا، پشکنین بۆ سیستەمی دابەشکردنی غازو کارەبا کراوە، ھەروەھا لیژنەکە لەسەلامەتی ئەو پەیژانە دڵنیابوونەتەوە کە لەحاڵەتە نەخوازراوەکاندا بۆ رزگاربوون بەکاردەھێنرێت”.

بەوتەی ئەو، لیژنەکە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزای بواری سەلامەتی باڵەخانە و بەرگری شارستانی پێکھاتوون، و نوێنەرانی قایمقامیەتی سلێمانی و فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانی بەرگری شارستانی، ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی تێدایە.

سەبارەت بە ئاگادارکردنەوە و سزاکان بۆ سەرپێچیکار ئاماژەبەوەکراوە، ژمارەیەک لەو باڵەخانانەی سەردان کراون، پابەندی مەرج و رێنماییەکان نەبوون و پسوڵەی سەرپێچییان بۆکراوە ھەروەھا چەند باڵەخانەیەک بەھۆی پابەندنەبوونیان بە مەرجی سەلامەتی بڕی ٦ملیۆن دینار غەرامەکراون، “لەئەگەری جێبەجێنەکردنی مەرج و رێنماییەکان لە سێیەمجاردا، خاوەنی باڵەخانەکە رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە”.