عێراق داوایەك ئاراستەی كۆمپانیا نەوتییەكانی بیانی دەكات

وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لعێبی داوای لە كۆمپانیا بیانییە نەوتییەكان كرد ئۆفەرەكانیان بە ئامانجی گەڕان بەدوای نەوت و غازدا پێشكەش بكەن.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، جەبار لعێبی رایگەیاند كە داوا لە كۆمپانیا بیانییە نەوتییەكان دەكات كە ئۆفەرەكانیان بە ئامانجی گەڕان بەدوای نەوت و غازدا لە نۆ كێڵگە پێشكەش بە وەزارەتەكەی بكەن.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە پێنج لەو كێڵگە نەوتییانە دەكەونە سەر سنوور لەگەڵ ئێران و سێی دیكە دەكەونە سەر سنوور لەگەڵ كوێت و ئەوەی دیكەشیان كێڵگەیەكی دەریاییە لە كەنداو.

جەبار لعێبی وتیشی: “رێورەسمی وەرگرتنی ئۆفەرەكان لە ٢١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەدەچێت”.

وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی: “ئامانجی سەرەكی لە گەڕان بەدوای نەوت و غازدا لەو كێڵگانە، زیادكردنی یەدەگی نەوت و غازی وڵاتە”.