خەڵکی کوردستان کەروێشکی ھۆڵەندی و کەنەدی دەکڕن

باشترین جۆری‌ كه‌روێشك له‌بازاڕی‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستاندا، كه‌روێشی‌ كه‌نه‌دیه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ نۆ بۆ ده‌ كیلۆ گرام‌و نرخه‌كه‌ی‌ سه‌دو سی‌ هه‌زار دیناره‌.
 
 
 
عه‌لی‌ ڕه‌سوڵ، كه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ندین كاتژمێر سه‌رقاڵی‌ به‌خێوكردنی‌ كه‌روێشك ده‌بێت‌و چه‌ندین جۆری‌ جیاواز كه‌روێشی‌ هه‌یه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات باشترین جۆری‌ كه‌روێشك له‌بازاڕدا كه‌روێشی‌ كه‌نه‌دیه‌ كه‌ قه‌باره‌یان گه‌وره‌یه‌و كێشیان قورسه‌و نرخی هه‌ر كه‌روێشكێكیان نزیكه‌ی‌ 100 دۆلاره‌، ئه‌و وتی‌ “هاوڵاتیان ئاره‌زوی‌ كڕینی‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌روێشكه‌ ده‌كه‌ن‌و به‌خێوی‌ ده‌كه‌ن تا بێچوی‌ لێبگرن‌و دواتر بێچوه‌كه‌ی‌ بفرۆشنه‌وه‌ كه‌ پاره‌یه‌كی‌ باش ده‌كات”.
 
 
ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رباری‌ هاتنی‌ كه‌روێشكی‌ كه‌نه‌دی‌، كه‌روێشی‌ هۆڵه‌ندیش له‌بازاڕه‌كانی‌ كوردستاندا ده‌بینرێت كه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌م كه‌روێشكانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ ژیاون‌و دواتر له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌، ئه‌و وتی‌ “جۆره‌كانی‌ كه‌روێشكی‌ هۆڵه‌ندنی‌ هێنده‌ی‌ كه‌روێشكی‌ كه‌نه‌دی خه‌ڵكی‌ نایكڕێت به‌ڵام هێشتا له‌كه‌روێشكی‌ كوردی‌ به‌نرختره‌ كه‌ كێشی‌ پێنج كیلۆ گرام ده‌بێت‌و هه‌ر چل شه‌و جارێك چوار تا شه‌ش بێچوی‌ ده‌بێت، وه‌ك كه‌روێشكی‌ كوردی‌ گیاو سه‌وزه‌ ده‌خوات‌و له‌سه‌ر زه‌وی‌ ده‌ژی‌و ناچێته‌ ژێر زه‌وی‌‌و چاڵی‌ ناوێت، زۆربه‌ی‌ هاوڵاتیانیش ده‌یكڕن‌و له‌سه‌ربان‌و حه‌وشه‌و باخچه‌دا له‌ناو شارو ده‌ره‌وه‌ی‌ شار به‌خێوی‌ ده‌كه‌ن”.
 
 
عه‌لی‌ ئه‌وه‌ رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌روێشكی‌ كوردی‌ كێشه‌كه‌ی‌ له‌دو بۆ سێ‌ كیلۆ تێناپه‌ڕێت، زۆرینه‌ی‌ هاوڵاتیانیش بۆ مه‌به‌ستی‌ سه‌ربڕین‌و گۆشته‌كه‌ی‌ به‌خێوی‌ ده‌كه‌ن، نرخه‌كه‌شی‌ هه‌رزانه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 10 بۆ 15 هه‌زار دیناره‌، ئه‌و وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كات گۆشتی‌ كه‌روێشكی‌ كوردیش ده‌خوات، به‌هۆی‌ هه‌رزانیه‌كه‌ی‌‌و باشی‌ گۆشته‌كه‌ی‌ هه‌ر كاتێك بیه‌وێت كه‌روێشكێك سه‌رده‌بڕێت‌و ئه‌و ژه‌مه‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ پێدابین ده‌كات.
 
 
له‌ژێر پرده‌كه‌ی‌ ناو شاری‌ سلێمانی‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو كه‌روێشك فرۆشی‌ لێ ده‌بینرێت به‌ڵام به‌وته‌ی‌ عه‌لی‌ خۆی‌ ئه‌و له‌هه‌مویان به‌ئه‌زمونتره‌و له‌ساڵانی‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ منداڵ بوه‌ ناو به‌ناو له‌ژێر پرده‌كه‌دا كاری‌ كردوه‌ دواتر به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام كه‌ ماوه‌ی‌ 27 ساڵه‌ كاری‌ فرۆشتنی‌ كه‌روێشك ده‌كات‌و هه‌ندێك جاریش ناوبه‌ناو له‌گه‌ڵ كاری‌ كه‌روێشك فرۆشیه‌كه‌یدا كاری‌ فرۆشتنی‌ ده‌رمانی‌ چاره‌سه‌ری‌ كه‌روێشك‌و باڵنده‌و حه‌شه‌راتیش ده‌كات، ئه‌و وتی‌ “جگه‌ له‌كاری‌ كه‌روێشك فرۆشتن هیچی‌ دیكه‌ نازانم، ناشمه‌وێت هیچ كارێكی‌ دیكه‌ بكه‌م چونكه‌ دڵم به‌كاره‌كه‌م خۆشه‌”.