رەوتی بەرزبوونەوەی نرخی بیتكۆین كە دراوێكی دیجیتاڵییە بەردەوامە و هەر یەكەیەك لەو دراوە گەیشتە نۆ هەزار و 638 دۆلار. لە ماوەی مانگی رابردوودا بەهای ئەو جۆرە دراوە دوو هێندە زیادی کردووە.
بە گوێرەی ماڵپەڕی coidesk تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو هەزار دۆلار لە نرخی هەر بیتکۆینێک بەرزبووەتەوە.
ماوەی رابردووش كۆمپانیای CME GROUP لە شیكاگۆی ئەمەریكا کە بە یەكێك لە گرنگترین كۆمپانیاكانی ئەو بوارە هەژمار دەكرێت و دوایین بڕیاری ئەو كۆمپانیایەش ئەوەیە ئەو جۆرە دراوە بخاتە بازاڕەوە و ئەمەش متمانەیەكی زیاتری بە دراوەكە دەبەخشێت. ئەو دراوە كە لە ساڵی 2011ەوە رەوتی بەرزبوونەوەی بەهاكەی زۆر كز ببوو، ئێستە بە خێرایی نرخەكەی بەرز دەبێتەوە.
یەكێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی بیتكۆین ئەوەیە بە پیچەوانەی دراوی ئاسایی، بە ئاسانی لە لایەن بانك و سیاسەتە داراییەكانی جیهان یاسای بەسەردا پیرەو ناكرێت و ئەو وڵاتەنی لە ژێر گەمارۆ و سزای ئابووری دان دەتوانن بە پشتبەستن بەو دراوە بەشێك لە پێداویستییەكانی خۆیان دابین بكەن.
یەكەم جار لە ساڵی 2008 پارەی دیجیتاڵی بیتكۆین داهێنرا كە ئەو كات نرخەكەی زۆر كەم بوو و سەرەتا سەد یەكەی ئەو دراوە بە یەك دۆلار بوو بەڵام دوای ئەوەی خەڵك رووی تێكرد و پەرەی پێدرا نرخی هەر یەكەیەك لەو دراوە بەرز بوووەوە بۆ سەرووی هەزار و 200 دۆلار و دواتر گەیشتە دوو هەزار و 500 دۆلار و ئێستەش خەریکە بەرەو 10 هەزار دۆلار دەڕوات.