نرخی سەوزە و میوە دادەبەزێنێت

بەمەبەستی كەمكردنەوە نرخی سەوزە و میوە، لە سلێمانی كار بە بڕیاری كەمكردنەوە عمولە دەكرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت قائیمقام لیژنە هاوبەشەكانی راسپاردووە بەدواداچوون و چاودێری عەلوەكە بكەن.

ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە دیوانی قائیمقامییەت لەگەڵ لیژنەی هاوسەنگی سەوزە و میوە، كە پێك هاتوون لە نوێنەرانی ئاسایشی ئابووری، بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵ و چاودێری بازرگانی و لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبوویەوە.

پاش كۆبونەوەكەش، رزگارحەمەخدر جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ووتی: بەمەبەستی پشتگیری كردنی جوتیاران و بەبازاڕكردن و ساغكردنەوەی بەروبومەكانیان، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاری كەمكردنەوەی عمولە بۆ 6% داوە، كەئەم بڕە پارەش لە كڕیار وەردەگیرێت نەك جوتیارەكان، و بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە قائیمقامی سلێمانی لیژنە هاوبەشەكانی راسپاردووە بەدواداچوون و چاودێری عەلوەكە بكەن.

رزگار خدر ووتیشی: بەهۆی هاتنی سەرما و وەرزی زستان، بەروبومی ناوخۆ توانای دابینكردنی كەم دەبێتەوە بۆ 30%، بۆ پڕكردنەوە و دابینكردنی بازاڕ و پێداویستی هاوڵاتیان لە سەوزە و میوە، پشت بە بەروبومی هاوردەكراو دەبەستین، و بۆ دڵنیا بونەوەش لە كوالێتی و سەلامەتی بەروبوومە هاوردەكراوەكان بنكەكانی بەرێوەبەرایەتی كشتوكاڵ پشكنینی پێویستیان بۆ ئەنجام دەدات، پاشان رێگە بە هاتنە ناوەوەی دەدرێت گەر لەپشكنین-یش دەرنەچوو رێگری لە هاتنە ناوەوەی دەكرێت.
  
جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، هەرلەكۆبونەوەكەدا و لە چوارچێوەی پاككردنەوە و جوانتركردنی شاری سلێمانی و لابردنی زیادەرۆییەكان، بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا دەست بە هەڵمەتی لابردنی تەواوی زیادە رۆییەكانی عەلوەی سلێمانی بكرێت كە كۆتایی بەوماوە هاتووە كە پێشتر وەك یارمەتی بۆلابردنی زیادەرۆییەكانیان پێیان درابوو.