پێدانی كاره‌با به‌هاووڵاتیان كه‌مده‌بێته‌وه‌

له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی سه‌رما له‌هه‌رێمی كوردستان جارێكی تر خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانی كاره‌بای نیشتمانیی زیادده‌بێت و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای هه‌رێمیش ده‌ڵێت، له‌ئێستادا له‌تواناماندا هه‌یه‌ 2800 میگاوات كاره‌با به‌رهه‌مبهێنین.


دیار بابان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای هه‌رێم  وتی: له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌زری سه‌رمادا خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانی كاره‌با زیاد ده‌بێت و ئه‌وه‌ش واده‌كات كه‌پێدانی كاره‌بای نیشتمانیی كه‌مببێته‌وه‌.

وتیشی: هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌نزیكه‌ی 4500 میگاوات به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا نزیكه‌ی 2800 میگاوات كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنرێت.

راشیگه‌یاند: ئه‌و یه‌كانه‌ی ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن زیاتر به‌ غاز ئیش ده‌كه‌ن و دانا غاز، غازه‌كه‌ی دابینده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 14 یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌ به‌ گازوائیل ئیشده‌كه‌ن به‌هۆی نه‌بوونی سوته‌مه‌نییه‌وه‌ له‌كاره‌ وه‌ستاون و به‌رهه‌مهێنانیان نیه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانیه‌و ده‌ستیكه‌وتووه‌ له‌ئێستا له‌پارێزگای سلێمانی به‌نزیكه‌ی 6 بۆ 7 سه‌عات كاره‌بای نیشتمانی ده‌درێت به‌هاووڵاتیان و له‌گه‌ڵ نزمبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما چاوه‌ڕوانده‌كرێت زیاتر پێدانی كاره‌با كه‌مببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌چه‌ند گه‌ڕه‌كێك سه‌ره‌ محاویله‌ ده‌ستیپێكردوه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌پارێزگای ھه‌ولێر پێدانی كاره‌بای نیشتمانی كه‌مبووه‌ته‌وه‌و له‌ئێستادا به‌تێكرا له‌ شه‌و و رۆژێكدا له‌نێوان 8 تا 10 سه‌عات كاره‌با ده‌درێت به‌ھاووڵاتیان، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ 10 رۆژ پێش ئێستا به‌نزیكه‌ی 16 بۆ 18 سه‌عات كاره‌با ده‌درا به‌هاووڵاتیان.

به‌پێی ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با، ژماره‌ی‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ كاره‌با له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئێستا زیاتر ملیۆنێك و 400 هه‌زار هاوبه‌شه‌و بڕی‌ به‌رهه‌می‌ كاره‌با له‌ ئێستادا 2800 مێگاواته‌، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ 4500 میگاواته‌.

وه‌زاره‌تی كاره‌با خاوه‌نی 24 یه‌كه‌ی كاره‌بایه‌، كه‌ 10 وێستگه‌یان به‌ غازی سروشتی كارده‌كه‌ن‌ و 14 وێستگه‌شیان به‌گازوایل، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ له‌دوو ساڵی رابردوودا، ته‌نیا یه‌ك له‌و وێستگانه‌ كارده‌كه‌ن كه‌ پێویستیان به‌گازوایله‌‌ ئه‌وانیش، له‌پارێزگای دهۆكه‌، كه‌ رۆژانه‌ پێویستی به‌ یه‌ك ملیۆن و 700 هه‌زار لیتر گازوایل هه‌یه‌.
 
PUKmedia