حكومەتی عیراق رایدەگەیەنێت لەسەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا پرسی رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن ناوەندەوە یەكلادەكرێتەوە، دەشڵێت هەرێم بۆ بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم بەڕەسمی وەڵامی حكومەتی ناوەندی نەداوەتەوە.
سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاندوە: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم و خاڵە سنورییەكان خاڵی ناكۆكی بەغداو هەرێمن و چاوەڕوانی وەفدی هەرێمی كوردستانن بۆ كۆتاییهێنان بەو ناكۆكییە.
وتەبێژی حكومەتی عیراق راشیگەیاندوە: ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم خاڵی دیاری ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەرێم نین، ناكۆكییەكان لەسەر ئەو بابەتە قابیلی چارەسەركردنن و دەتوانرێت میكانزمێك بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو جیاوازییانەی لەسەر ژمارەی مووچەخۆران هەیە.
حەدیسی دەشڵێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕەسمی وەڵامی حكومەتی ناوەندی نەداوەتەوە بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكەو دەبێت هەرێم پابەند بێت بەبڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عیراق.
رونیشیكردۆتەوە: هێشتا ناكۆكی هەیە لەنێوان بەغداو هەرێم لەسەر پرسی دەروازە سنورییەكان و حكومەتی هەرێم قایل نییە دەروازە سنورییەكانی هەرێم بخرێتەوە ژێر ركێفی دەسەڵاتی فیدڕاڵی.
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانیش جەختیكردۆتەوە لە پابەندبونی بەغدا بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، راشیگەیاندوە: بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكات ئەگەر هەرێم دەروازە سنورییەكان تەسلیمی بەغدا بكات و ئەنجامی ریفراندۆمەكەش بەڕەسمی هەڵوەشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە كە لەسەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا پرسی رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە یەكلادەكرێتەوە و چاوەڕوانی وەفدی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ كۆتاییهێنان بەو دوو خاڵە ناكۆكەی نێوانیان.