ئێران نرخی نان بە رێژەی 15% گران دەكات

لە ئێران رۆژ بەرۆژ پێداویستییەكانی خەڵك نرخیان گرانتر دەبێت و دراوی فەرمی وڵاتیش زیاتر تووشی هەڵاوسان دەبێت.

موحسێن بەهرامی سكرتێری گشتی رێكخستنی بازاڕ ئاشكرای كرد، نرخی نان بەگوێرەی پلانی پێشنیازكراو ١٥% بەرز كراوەتەوە و لە رۆژی چوارشەمەوە ئەو پلانەیان جێبەجێ كردووە.

باسی لەوە كرد پرسی بەرزكردنەوەی نرخی نان نابێت هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی گەنم لە بازاڕ هەبێت.

ئەو پێی وایە حكوومەت ساڵانە بڕە بودجەیەكی زۆر دابین دەكات تەنیا لە پێناو ئەوەی نان بە نرخێكی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتییان، پێویستە ئەو نرخەی بۆ نان دەستنیشان دەكرێت، لە نرخی راستەقینەكەی نزیك بێت و باری حكوومەت لەو روانگەیەوە سووك بكاتەوە.

خەڵك لە پرسی بەرزكردنەوەی نرخی نان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و وەڵامی حكوومەتیش بۆ ناڕەزایەتییەكە ئەوەیە نان رێژەیەكی كەم لە پێداویستییەكانی رۆژانەی خەڵك بۆ خۆراكی داگیر كردووە و شتێك لە سەرووی ٢%ە، بەڵام گۆشت ٢٣%ی پێداویستی خۆراكی هاووڵاتییانی داگیر كردووە.

هەندێك سەرچاوەش ئاماژەیان بەوە كردووە لە ئێران خەڵك بەراورد بە وڵاتانی تر نانی زیاتر دەخۆن. مەرجێك كە بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نان دانراوە ئەوەیە نان لەو كێشە ستانداردەی بۆی دەستنیشان كراوە نەگۆڕێت. لە ئێران تەنیا بۆ دروستكردنی نان ساڵانە نۆ ملیۆن تۆن گەنم بەكار دەبرێت.