جاران ته‌نیا بیركردنه‌وه له‌بازرگانی كردن به‌مه‌یه‌وه له‌هه‌ندێك له‌شاره‌كانی ئه‌نبار تاوان بو‌و، به‌ڵام ئێستا گۆڕانێكی گه‌وره له‌و رووه‌وه روویداوه.
شاره‌كانی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له باشووری به‌غدای پایته‌خت) ته‌نیا له ده‌سه‌ڵاتی گرووپه‌كانی داعش رزگاریان نه‌بووه، به‌ڵكو له‌و كۆت‌و به‌ند‌و نه‌ریتانه‌ش رزگاریان بووه كه به‌ته‌واوی كۆنترۆڵیان كردبوون، ئه‌گه‌رچی نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون‌و دانیشتووانی ناوچه‌كه بۆیان ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه له‌ناوده‌چن، له‌وانه‌ش كردنه‌وه‌ی دوكانی فرۆشتنی خواردنه‌وه كحولیه‌كان، كه هه‌ندێكیان به‌ئاشكرا‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان هێشتا به شاراوه‌یی كارده‌كه‌ن.
كاتێك ده‌چیته شاری كه‌رمه كه یه‌كێكه له شاره‌كانی پارێزگای ئه‌نبار (50 كم له خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) دوكانێك ده‌بینیت، گه‌وره نییه، به‌ڵام ده‌رگاكانی كراونه‌ته‌وه‌و كاڵاكانی له خواردنه‌وه كحولییه‌كان به بێ ترسی لێپرسینه‌وه یاخود شه‌رم له كۆمه‌ڵگه نمایش كردووه، ره‌نگه پێشتر ئه‌و دیمه‌نه‌ت به‌و شێوه‌یه نه‌بینیبێت، به‌ڵام چیتر ئه‌و دیمه‌نه سه‌یر نییه، به‌تایبه‌تی كه ده‌بینیت ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل‌و كه‌س به به‌رده‌وامی سه‌ردانی ده‌كه‌ن‌و بووه‌ته نیشانه‌یه‌كی جیاكه‌ره‌وه له‌و ناوچه‌یه‌دا.
ئه‌حمه‌د ئه‌بو عه‌لی (44 ساڵ) یه‌كێكه له دانیشتووانی ناوچه‌كه له شاری فه‌لوجه، پێی وایه كردنه‌وه‌ی ئه‌و دوكانانه خاڵی ئه‌رێنی زۆری تێدایه، هه‌رچه‌نده ئه‌و له‌و كه‌سانه نییه كه خواردنه‌وه‌ی كحولی ده‌خۆنه‌وه، ئه‌بو عه‌لی ده‌ڵێت: “كردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره دوكانانه ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی شه‌رع‌و نه‌ریته‌كانیشمان بێت، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كه بۆئه‌وه‌ی توندڕه‌وان‌و ئه‌وانه‌ی پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ن‌و ئه‌وانه‌ی له‌ژێر كاریگه‌رییاندان، كه‌وتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كه‌و هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌شاره‌كه‌دا نه‌ماوه”.
هه‌روه‌ها وتی: “بۆماوه‌ی سێ ساڵ له به‌غدای پایته‌خت‌و باكووری عیراق ژیاین، له‌كاتی ئاوه‌راییدا ئه‌و دوكانانه‌مان ده‌بینی له‌نزیك ئه‌و ناوچانه‌ی تێیدا ده‌ژیاین، ئاماژه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شارانه ئارام‌و سه‌قامگیرن‌و هه‌ر كه‌سه‌و ئاین‌و بیروباوه‌ڕه‌و مه‌بده‌ئی خۆی هه‌یه كه ژیانی كۆنترۆڵكردووه، هیوامان ده‌خواست ئه‌و دیاردانه‌ش له شاره‌كانی ئێمه‌شدا هه‌بن‌و بیگۆڕین به‌و دیارده ئاینییه درۆزنانه‌ی بوونه‌ته هۆكاری ئاواره‌بوون‌و له‌ناوچوونمان له‌ماوه‌ی رابردوودا”.
ئیبراهیم عه‌بدو (38 ساڵ) كه نیشته‌جێی شاری فه‌لوجه‌یه، دواجار به ئاواتی خۆی گه‌یشتووه‌و چیتر ناچێته به‌غدای پایته‌خت بۆ كڕینی بڕێكی زۆر خوادنه‌وه‌ی كحولی كه به‌شی هه‌فته‌یه‌ك یان دوانی بكات، ئه‌ویش دوای زۆربوونی ئه‌و دواكانانه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه بازرگانی پێوه‌ده‌كه‌ن.
عه‌بدو ده‌ڵێت: پێشتر ده‌چووینه به‌غدای پایته‌خت به‌شی پێویستی خۆمان له‌و خواردنه‌وانه ده‌كڕی‌و له چه‌ند شوێنێكی ئۆتۆمبێله‌كه‌دا ده‌مانشاردنه‌وه بۆئه‌وه‌ی خۆمان له‌و گێچه‌ڵانه لابده‌ین كه له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌ندامێكی بازگه‌كانه‌وه پێمان ده‌كرا‌و زۆرجار له‌ناویانده‌بردن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ رۆژانه به‌شی پێویستی خۆم به به‌رچاوی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌كڕم”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “بوونی ئه‌م ده‌روازانه له ناوچه‌كانماندا ئه‌و وزه‌و پاره‌یه‌مان بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه پێشتر له گه‌شته دوورودرێژه‌كه‌ماندا سه‌رفمان ده‌كرد‌و تاڕاده‌یه‌ك له‌و كه‌سانه ده‌چووین كه شتی قه‌ده‌غه‌كراو به قاچاخ ده‌به‌ن، بۆ زانیاریش یاسای عیراقی خواردنه‌وه‌ی كحولی قه‌ده‌غه نه‌كردووه‌و یاسایه‌كیش نییه ئه‌و كه‌سه تاونبار بكات كه له‌ناو ماڵ یاخود له شوێنی تایبه‌تدا ده‌یخواته‌وه”.
له‌به‌رئه‌وه‌ش كه بازرگانییه‌كی به‌قازانجه‌و بابه‌ته‌كانی به چه‌ند هێنده‌ی نرخی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌فرۆشرێن، ژماره‌یه‌ك كه‌س له‌وانه په‌یدابوون كه توانیویانه په‌یوه‌ندی هه‌مه لایه‌ن له‌گه‌ڵ كڕیاران‌و پیاوانی پۆلیسدا دابمه‌زرێنن تا بتوانن ده‌روازه‌یه‌كی فرۆشتنی ره‌سمی فه‌راهه‌م بكه‌ن، به‌تایبه‌تی له شاره‌كانی رومادی‌و فه‌لوجه.
یه‌حیا ده‌روێش (44 ساڵ) ناوی خوازراوی یه‌كێكه له دانیشتووانی شاری رومادی‌و كاری شوفێری تاكسییه له‌نێوان به‌غدای پایته‌خت‌و شاری رومادیدا، په‌یوندی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه ئه‌منیانه‌ی له بازگه‌كاندان به‌درێژایی رێگاكه‌ی، به‌كارهێناوه‌و ده‌ستیكردووه به جێبه‌جێكردنی داواكاری كڕیاره‌كانی له‌ڕێی مۆبایله‌كه‌یه‌وه.
ده‌روێش ده‌ڵێت: “كاره‌كه ئه‌و كاته ده‌ستیپێكرد كه هاوڕێیه‌ك داوایكرد دوو شوشه (ڤۆدكا)ی له‌گه‌ڵ خۆم بۆ بهێنم، كاتێك به‌شه‌و گه‌ڕامه‌وه بینیم چاوه‌ڕێم ده‌كات‌و دوو هێنده‌ی نرخه‌كه‌ی خۆی‌و كرێی ته‌واوی ئۆتۆمبیله‌كه‌شی پێدام، دوای ئه‌وه كاره‌كه ئاسایی بو‌و، زوو په‌ره‌ی سه‌ند، تا وای لێهات بڕێكی زۆر ده‌هێنم‌و دابه‌شی ده‌كه‌م به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك كه‌س‌و ناسیاوانیاندا”.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: “كاره‌كه ئه‌وه‌نده په‌ره‌ی سه‌ند تا واملێهات له پرۆژه‌كانی ئاینده‌مدا پشتم به‌و پاره‌یه ده‌به‌ست كه له‌م بازرگانیه‌وه ده‌ستم ده‌كه‌وت، ئه‌گه‌رچی كاره‌كه‌ش به‌بێ مه‌ترسی‌و سه‌ركێشی نه‌بوو، به‌ڵام توانیم كارێكی باش دابمه‌زرێنم كه كڕیاری له سه‌رجه‌م توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بوو له‌وانه ئه‌فسه‌ر، ئه‌ندازیار، كرێكار‌و توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه”.
بره‌وی ئه‌م بازرگانیه‌و زۆری كڕیاره‌كانی، ژماره‌یه‌ك كه‌سی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و بواره‌ی هاندا په‌له بكه‌ن له دامه‌زراندنی ده‌روازه‌و گه‌نجینه‌ی نوێ له نێو پارێزگای ئه‌نباردا، به تایبه‌تی له شاری رومادی ناوه‌ندی پارێزگاكه‌دا.
ئاوات هیوا (54 ساڵ) نیشته‌جێی به‌غدای پایته‌خته، به‌م دواییانه مۆڵه‌تی تایبه‌ت به بازرگانی‌و فرۆشتنی خواردنه‌وه كحولییه‌كانی ته‌واو كردووه‌و له سه‌روبه‌ندی كڕینی موڵكێكدایه له ناو شاری رومادی تا دوكانه نوێیه‌كه‌ی تێدا دابمه‌زرێنێت.
هیوا ده‌ڵێت: “هه‌ندێك له‌و كڕیارانه‌ی دێنه به‌غدا قسه‌یان بۆ كردین‌و هانیان داین كه دوكانێك له شاری رومادی بكه‌ینه‌وه، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزگاكه وه‌ك پێشوو نه‌ماوه‌و خاڵیه له توندڕه‌وان‌و ئێستا هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵده‌مژێت”.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: “له‌ڕێی زانیاریمانه‌وه بۆمان ده‌ركه‌وت زۆرینه‌ی كڕیاره‌كان خواردنه‌وه‌ی كحولییان له به‌غدا یان له كوردستانه‌وه به‌ده‌ست ده‌گات، ئه‌وه‌ش هانی هه‌ندێك فرۆشیاری بێ مۆڵه‌تی داوه له ماڵه‌كانیاندا خواردنه‌وه‌ی كحولی به هاوڕێیان‌و ناسیاوانیان بفرۆشن‌و بوونه ركابه‌رمان‌و فێڵ له كڕیاران ده‌كه‌ن‌و هه‌ندێك جار به چه‌ند هێنده‌ی نرخی راسته‌قینه پێیان ده‌فرۆشن”.
به‌ڵام عه‌بدولڕه‌زاق فوحان (48 ساڵ) كه یه‌كێكه له دانیشتووانی شاری رومادی، پێیوایه كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كانی فرۆشتنی خواردنه‌وه كحولییه‌كان‌و كارئاسانی بۆ ده‌رهێنانی مۆڵه‌تی تایبه‌ت به‌و كاره له پارێزگای ئه‌نبار، به ئامانجگرتنی سروشتی عه‌شایری‌و ئاینی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی پارێزگاكه‌یه.
فوحان ده‌ڵێت: پرۆسه‌ی پێدانی مۆڵه‌ت بۆ كارئاسانی بازرگانی خواردنه‌وه كحولییه‌كان له شاره‌كانی پارێزگای ئه‌نبار كه به پابه‌ندبوونی ئاینی‌و عه‌شایریان ناسراون، هه‌وڵێكه بۆ له‌باربردنی ئه‌و به‌هایانه‌ی كه تائێستاش خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ن”.
وتیشی: “ده‌زانین كه ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی پارێزگاكه ده‌چنه به‌غدا‌و پارێزگاكانی دیكه بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و خواردنه‌وانه، به‌ڵام لۆجیك نیه كردنه‌وه‌ی ئه‌م دوكانانه له پارێزگاكه‌دا ناوبنێین ئازادی تاكه‌كه‌سی، به‌ڵكو كارئاسانیكردن بۆی كارێكی زۆر مه‌ترسیداره بۆ دانیشتووانی ناوچه‌كه كاتێك ده‌بینن ئه‌وه‌ی خودا حه‌رامی كردووه به‌ئاشكرا ده‌فرۆشرێت‌و حكومه‌تیش پشتیوانی لێ ده‌كات، به‌بێ وه‌ڵامێك یان لێدوانێك”.
نیقاش