بانكی رافیده‌ین پێدانی بڕی 3 ملیۆن دیناری وه‌ك پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری راگه‌یاند

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، بانكی ڕافیده‌ین پێدانی بڕی 3 ملیۆن دیناری عێراقی وه‌ك پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری بۆ فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت راگه‌یاند، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیشدا مه‌رجه‌كانی پێدانی پێشینه‌كه‌ی ئاشكرا كرد.

ئه‌مڕۆ 25 ی تشرینی دووه‌می 2017، نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی بانكی ڕافیده‌ین له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا بڵاویكرده‌وه‌، پێدانی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری ته‌نها بۆ فه‌رمانبه‌رانی حكومیه‌ و بڕكه‌شی 3 ملیۆن دیناری عێراقیه.


سه‌باره‌ت به‌ مه‌رجه‌كانی پێدانی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری، بانقه‌كه‌ ئاشكراكردووه‌، پێویسته‌ كه‌سه‌كه‌ سه‌ره‌تا گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری ئه‌نجام بدات و ئه‌و كه‌سه‌ی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری وه‌رده‌گرێت نابێت ساڵێك تێپه‌ڕی بێت به‌سه‌ر هاوسه‌رگیریه‌كه‌دا و ده‌بێت یه‌كه‌م جاری بێت هاوسه‌رگیری بكات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، بۆ وه‌رگرتنی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری پێویستی به‌ كه‌فیلێك هه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ری حكومی بێت و مه‌ده‌نی بێت خزمه‌تی له‌ ساڵێك كه‌متر نه‌بێت و به‌رده‌وام بێت و پێشتریش كه‌فیل نه‌بوبێت.

سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی دانه‌وه‌ی پێشینه‌كه‌، بانكی رافیده‌ین له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت: له‌وكاته‌ی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیریه‌كه‌ وه‌رده‌گرێت ده‌بیت تا 3 ساڵ هه‌موو پێشینه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت.