نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەس لە ئەمریکا بێ لانەن

بەپێی داتاکانی ساڵی رابردووی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی شارەکانی ئەمریکا بە تێکڕا ٥٥٠ هەزار کەس لەو وڵاتە شوێنێ مانەوەیان نییە. 

٣٧٤ هەزار کەس کە دەکاتە (لە سەدا ٦٨) لە پەناگەکان و پشووگەی کاتی دەژین و ١٧٦ هەزاریش کە دەکاتە (لە سەدا ٣٢) لە شوێنە گشتییەکان دەژین.

٣٥٥ هەزار بێلانە کە دەکاتە (لە سەدا ٦٤.٥) بە تەنها ژیان بەسەردەبەن و ١٩٥ هەزاریشیان کە دەکاتە (لە سەدا ٣٥.٥) خێزاندارن و منداڵیان هەیە.

٣٣١ هەزاریان کە دەکاتە (لەسەدا ٦٠) لە رەگەزی نێرن و ٢١٧ هەزاریش کە دەکاتە (لە سەدا ٣٩.٥) لە رەگەزی مێن، دوو هەزارەکەی دیکەیش کە دەکاتە (لەسەدا ٠.٥) ترانسجێندەرن. لە کاتێکدا نزیکەی لە سەدا ٧٦ ئافرەتان دەتوانن لە پەناگە و یەکەکانی شار شوێنی مانەوە ببینەوە بەڵام لە سەدا ٧٠ پیاوان لە سەر شەقامەکان دەژین.

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی هاریكاری نێوده‌وڵه‌تی The Salvation Army، له‌ وڵاتی ئه‌مریكادا كه‌ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین ئابووریی جیهانه‌، بێكاری و نه‌بوونی هۆكاری سه‌ره‌كی بێ لانه‌یین. 

ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و وڵاته‌دا به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت كاره‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ یاخود ناتوانن كار بدۆزنه‌وه‌، ده‌كه‌ونه‌ ژێر قه‌رزی كرێی خانوو، خه‌رجییه‌كانی بیمه‌ی ته‌ندروستی، قه‌رزی كه‌سی و خه‌رجی رۆژانه‌وه‌ و، به‌تێپه‌ڕبوونی كات ناتوانن قیستی خانوو یان كرێكانیان بده‌ن و ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر شه‌قام. 

له‌ ئه‌مریكا ئه‌و كه‌سانه‌ی بێ لانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و ناتوانن ئەو خانووانە بەكرێ بگرن کە کڕێی مانگانەیان كه‌مە یان په‌ناگه‌یه‌ك بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه‌، زۆبه‌یان له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان له‌سه‌ر كارتۆن ده‌خه‌ون و به‌و شێوه‌یه‌ ژیان ده‌گوزه‌رێنن. 

له‌ شاری نیویۆرك كه‌ گه‌وره‌ترین شاری ئه‌و ولاته‌یه‌ و، به‌ ناوه‌ندی دارایی ئه‌مریكا ناسراوه‌، بێ لانه‌كان له‌ سه‌ر قاڵدرمه‌كان به‌ كارتۆن خانوویان بۆ خۆیان دروستكردووه‌ و.

به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوپه‌یمانی نیشتمانی جه‌نگاوه‌ره‌ دێرینه‌ بێ لانه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ نزیكه‌ی 550 هه‌زار بێ لانه‌ له‌ ساڵی رابردوودا، %11یان واتا زیاد له‌ 60 هه‌زاریان جه‌نگاوه‌ره‌ دێرینه‌كانن.