ژمارەی دانیشتووان و پشك و بودجەی هەرێم ئاشكرادەكرێت

حكومەتی عیراق بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان، پشكی هەرێمی بە (12,67%) دیاریكردووە، بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانیش ژمارەی خەمڵێندراوی دانیشتووانی هەرێم رادەگەیەنێت.

مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای سلێمانی بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی- ی راگەیاندووە، “ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە ساڵی 2009 دا بریتی بووە لە 4 ملیۆن و 423 هەزارو 788 كەس، ئەمە جگە لە ناوچە دابڕێنراوەكان”.

دەشڵێت: “ئەو ژمارەیە تەنانەت بەبێ ناوچەكانی (مەخمور، ناوەندی شێخان، زەلكان، فایدە و نەوجول) بووە، كە لەڕووی ئیداریشەوە سەربە هەرێم بوون.

ئاشكراشی دەکات کە ئەگەر دانیشتووانی ئەوانیشی بخەینەسەر، ئەوە ژمارەی دانیشتووانی هەرێم لە ساڵی 2009، 4 ملیۆن و 698 هەزارو 790 كەسە.

 

ناوبراو جەخیشی کردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە رێژەی گەشەی دانیشتووان بەگوێرەی پێوەری نەتەوەیەكگرتووەكان و عیراقیش، بریتییە لە (3%)، ئەو ئامارەش داتایەكی نزیككراوەیە لە واقیع و لە (90%) ئامانجی خۆی دەپێكێت.

 

بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی هەروەها دەڵێت: “لەسەر بنەمای ئەو ئامارەی ساڵی 2009و بەگوێرەی پێوەری لە(3%)ی گەشەی دانیشتووان، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بۆ ئەمساڵ بریتییە لە 5 ملیۆن و 755 هەزارو 43 كەس”.

 

راشیدەگەیەنێت کە بەگوێرەی ئەو بڕیارەی كە لە ساڵی 2008دا لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندكراوەو دواتر حكومەتی عیراق بڕیاری بۆ دەركردووە، تا ئەوكاتەی سەرژمێریی دەكرێت، دەبێت پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق (17%) بێت، هاوكات ئەو زیانە گیانی و ماددیانەش كە لە سەردەمی ڕژێمی رووخاو بەر كوردو كوردستان كەوتووە ئەژمار كرا، بۆیە دەڵێت: “نازانین بەچ پێوەرێك ئەو پشكە بۆ هەرێم دیاریكراوە؟”

 

لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم و ئەو رێژەیەی کە ئێستا دیاریكراوە لەبودجەش، مەحمود عوسمان دەڵێت: :”نازانین عیراق لەسەر چ بنەمایەك رێژەی لە (12,67%)ی وەكو پشكی كورد لە بودجەی ساڵی 2018 دیاریكردووە، چونكە دەبێت زیاتربێت”.

لای خۆیشییەوە د.عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی، پشك و بودجەی هەرێمی لە بودجەی گشتیی عیراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “لەسەر بنەمای ئەو داتایەی بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بۆ ساڵی 2017 خەمڵێندراوە، ئەوە پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق دەكاتە (15,5%). روونیشیکردۆتەوە کە ((بەگوێرەی بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2018 و بەگوێرەی رێژەی (15,5%)، بودجەی هەرێم بریتی دەبێت لە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار، ئەو ژمارەیەش بەبێ لێدەركردنی خەرجیی سیادیی و حاكیمە)).