حكومەتی هەرێم 7 ملیار دۆلاری فەرمانبەران قەرزدارە

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ساڵی 2016وە سیستمی پاشەكەوتی مووچە جێبەجێ دەكات‌و تاوەكو ئێستاش بڕی 7 ملیار دۆلاری پاشەكەوت‌و مووچەی دابەش نەكراوی فەرمانبەران‌و مووچەخۆران قەرزدارە، هەروەك ڕوون نیە كە ئاخۆ كەی‌و چۆن ئەو پارەیە دەدرێتەوە بەو كەسانەی كە مووچەكانیان پاشەكەوت كراوە.

د.عزەت سابیر, سەرۆكی لیژنەی دارایی‌و ئابووری پەرلەمانی كوردستان بەئاژانسی راگەیاندوە، حكومەتی هەرێم پلانی هەیە لە داهاتوودا حسابی بانكی بۆ سەرجەم فەرمانبەران بكاتەوە‌و پاشەكەوتی مووچەكانیان بەژمارە بخرێتەسەر حسابی بانكیان‌و پارەی ئاو و كارەبا‌و باج‌و رسوماتی پێبدەنەوە.

وتیشی، حكومەتی هەرێم ناتوانێت پارەی پاشەكەوتی مووچە بە كاش بداتەوە، بەڵكو كە خرایەسەر حساب بانكی مووچەخۆران، موستەحەقاتی حكومەت كە لەسەر شانی هاوڵاتیانە لەو ڕێگەیەوە دەدرێتەوە، بەڵام هێشتا كاتەكەی دیاری نەكراوە كەی جێبەجێ دەكرێت.
(د.عزەت سابیر) ڕاشیگەیاندوە، كە دەبێت حكومەتی هەرێم پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران‌و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بداتەوە، نەك بەغدا.
دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەولێر‌و بەغدا، حكومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەوەی كۆی داهاتەكانی بە مەلەفی نەوتیشەوە تەسلیمی بەغدا بكات، بەو مەرجەی بەغداش مووچەی فەرمانبەران خەرج بكات‌و پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی عیراقدا بكاتەوە بە لەسەدا 17، بەڵام تائێستا هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە‌و گوزەرانی مووچەخۆرانیش تادێت خراپتر دەبێت.

هاوكات (سەعد حەدیسی) وتەبێژی حكومەتی عیراق لەبارەی پرسی مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەرانەوە بە ئاژانسی راگەیاندوە، حكومەتی هەرێم بەرپرسە لە چارەسەركردنی كێشەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەبێت كات و شێوازی دانەوەیان بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرا بكات.

وتیشی، حەیدەر عەبادی پەیوەستە بەو بەڵێنەی كە داویەتی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پاش تەسلیمكردنەوەی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم، بەڵام ئێمە بەرپرس نین لە دانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران‌و ئەوە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی مووچەی 3 مانگی ساڵی 2015ی فەرمانبەران قەرزدارە، لەسەرەتای ساڵی 2016شەوە سیستمی پاشەكەوتكردنی مووچە پەیڕەو دەكات، بەگوێرەی ئەو سیستەمەش مووچەی فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا 25 بۆ لەسەدا 75 كەمكراوەتەوە، بەڵام هێشتا مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران دابەش ناكرێت.