”بەشە بودجەی هەرێم بەشی مووچەی 7 مانگ دەكات”



د.فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق رایدەگەێنێت، ئەو بودجەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا زۆر كەمەو تەنها بەشی مووچەی حەوت مانگ دەكات‌و دەشڵێت، تا ڕێككەوتن نەكرێت بەغدا مووچەی فەرمانبەران‌و بودجەی هەرێمی كوردستان نانێرێت.

د.فازڵ نەبی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە، بەغدا كە دەڵێت مووچە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرم تەنها بە قسە ناكرێت، بەڵكو كۆمەڵێك ڕێكاری ئابووری هەیە دەبێت بیگرێتەبەر، كە ئەویش جێگیركردنی ئەو مووچە و بودجەیەیە لەپڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عیراقدا.

وتیشی، بەداخەوە ئەو بەشە بودجەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عیراقدا زۆر كەمەو تەنها بەشی مووچەی (٧) مانگ دەكات بەگوێرەی ئەو داتایەی حكومەتی هەرێم بۆ مووچەخۆران لایەتی.

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق ئاماژەی بەوەشكردوە، دەبێت هەموو داهاتێكی گومرگ‌و خاڵە سنورییەكان‌و سیادی بگەڕێتەوە بەغدا، بۆ ئەمەش بەغدا میكانیزمێكی قورسی بۆ هەرێم داناوە كە زەحمەتە قبوڵی بكات، بەڵام دەكرێت هەردوولا دابنیشن، ئەمەش كارێكی زەحمەتە چونكە هەرێمی كوردستان دەبێت بزانێت ئەوەی پێشتر لەبەغدا دەستی دەكەوت، ناتوانێت ئێستا دەستی بكەوێتەوە.