وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ عێراق: پشكی‌ هه‌رێم له‌پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ ده‌گۆڕدرێت

وته‌بێژی‌ به‌ناوی‌ حكومه‌تی‌ عێراق رایگه‌یاند، پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ بۆ ساڵی‌ ئاینده‌ ده‌گۆڕدرێت، به‌جۆرێك كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ ژماره‌ی‌ دانیشتوان و دابه‌شكردنێكی‌ دادوه‌رانه‌ی‌ داهاته‌كانی‌ وڵات.

سه‌عد حه‌یسی‌ ئه‌مڕۆ بۆ ئاژانسی‌ (سپۆتنیك) ی‌ روسی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، پشكی‌ هه‌رێم ده‌گۆڕێت به‌جۆرێك بگونجێت له‌گه‌ڵ ژماره‌ی‌ دانیشتوان، به‌به‌راورد به‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ عێراق، به‌جۆرێك كه‌ داهاته‌كان به‌شێوه‌ی‌ یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه‌ له‌وڵات دابه‌شبكرێت.

وتیشی‌ “بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوو له‌قۆناغی‌ پێداچونه‌وه‌ی‌ كۆتاییدایه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، له‌چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌كرێت”.

لای‌ خۆشیه‌وه‌، موحسین سه‌عدون سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مانی‌ عێراق و په‌رله‌مانتاری‌ كورد ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌، كه‌ كشانه‌وه‌ی‌ كورد له‌پڕۆسه‌ی‌ سیاسی یه‌كێكه‌ له‌بژارده‌كان، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق سوربوو له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پشكی‌ هه‌رێم له‌بودجه‌دا.

پشكی‌ هه‌رێم له‌ره‌شنوسی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ ئاینده‌ی‌ عێراق، له‌ئێستادا مشتومڕو ناكۆكی‌ گه‌وره‌ی‌ دروستكردووه‌ له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم و به‌غدا.

حكومه‌تی‌ عێراق پشكی‌ هه‌رێمی‌ بۆ له‌سه‌دا 12 كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رێم جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ پشكی‌ له‌بودجه‌دا له‌سه‌دا 17 یه‌.