حكومەتی عیراق قەرەبووی زیانلێكەوتوانی بومەلەرزەكە دەكاتەوە

سەرۆك وەزیرانی عیراق لیژنەیەكی باڵا بۆ هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەو قەرەبووی زیانەكانی بومەلەرزەكەی 12ی مانگ پێدەهێنێت و ئەمڕۆش لیژنەكە بەئامادەبوونی دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق سەردانی پارێزگای سلێمانی كردوو لەگەڵ عومەر محەمەد ئەمین لەبری پارێزگاری سلێمانی كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا لەبری پارێزگاری سلێمانی كورتەیەكی لەسەر  زیانەكانی بومەلەرزەكە پێشكەش كردوو رایگەیاند بەهۆی بومەلەرزەكەوە 8 هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوەو 328 كەسی تر بریندار بوون و زیانی مادی زۆریشی بەدواوە بووەو زۆرێك لە رێگەوبان و بینا حكومییەكان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان زیانیان پێگەیشتووەو 130 خانووی هاووڵاتیانیش بەجۆرێك زیانیان پێگەیشتووە كە بۆ دووبارە نیشتەجێ بوونەوە نابن، لە گوندەكانیش زیانی زۆر بەر مەروماڵات كەوتووە، هەروەك بەنداوی دەربەندیخان بە بەهای 17 ملیون دۆلار زیانی بەركەوتووە.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد  تا ئێستا تەنیا مانگی سوری توركی و حكومەتی ئیتاڵیا هاوكارییان بۆ لێقەوماوانی رووداوەكە ناردووە.
پاشان لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر ئامانجی سەردانەكەو پێكهێنانی ئەو لیژنە باڵایە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوەو روونكرایەوە: ئامانجی لیژنەكە كە لە نوێنەری وەزارەتەكانی كۆچ و كۆچبەران، سەرچاوەكانی ئاو، تەندورستی و ناوخۆی حكومەتی فیدراڵی عیراق و مانگی سوری عیراقی پێكهاتووە، لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی  زیانەكانی بومەلەرزەكە و گەیاندنی هاوكاری بە پەلە و قەرەبووكردنەوەی  زیان لێكەوتووەكانە.
داواشیان لە پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد راپۆرتێكی ورد ئامادەبكەن بۆئەوەی ئاراستەی لیژنە باڵاكە بكرێت و ئەوانیش ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی بكەن.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی لیژنەكە  ئامادەیی تەواوی  وەزارەتەكانیان دەربڕی بۆ هەموو هاوكارییەكی بە پەلە و دەستبەجێی زیانلێكەوتووان و لێقەوماوانی كارەساتی بومەلەرزەكە.