بەهۆی هاوردەی زیاتری بەرهەمی بەنزینەوە نرخەكەی زیاتر دادەبەزێت


ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، چاوەڕواندەكەن لە ماوەی داهاتوودا نرخی بەنزین بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و هەرزان ببێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تەواوی مەرزەكان دەكرێنەوە.

لەوبارەیەشەوە  رێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند: تا ئێستا نرخی سووتەمەنی و بەتایبەتیش بەنزین لە ئاستی پێویستدا هەرزان نەبووەو هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە/ كە هێشتا لەلایەن خەڵكی و بازرگانانەوە ترسێك لەبارەی داخستنی سنورەكان و رێگریكردن لە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە هەرماوە.

وتیشی: بازار ئازادە بۆ هەر لایەنێك كە بیەوێت بەرهەمی سوتەمەنی و بەنزین هاوردەی هەرێم بكات بەڵام پیویستە بەپیی مەرج و رێنماییەكان بێت و وێرای كوالێتیەكەی دەبێت لە نرخیشدا گونجاوبێت بە پێچەوانەوە پێویست دەكات حكومەت رێگری لێ‌ بكات .

ئاماژەی بەوەشدا كە لەگەڵ هاتنی زیاتری بەرهەمی بەنزیندا لە چەند رۆژی داهاتوودا چاوەروان دەكەن نرخی بەنزین زیاتر دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.