هەوڵدەدریت دەستبکرێتەوە بەپێدانى قه‌رزى بچوك به‌ گه‌نجان



وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراى كرد،له‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى (2018) ه‌وه‌ ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌ پێدانى قه‌رزى بچووك به‌ گه‌نجان.

هه‌مزه‌ مه‌غدید، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى  ڕاگه‌یاند “ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت ڕه‌زامه‌ندین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، قیستى قه‌رزى بچووك، كه‌ پێشووتر دراوه‌ته‌ گه‌نجان وه‌ربگیردرێته‌وه‌ و  جارێكى دیكه‌ ده‌ست بكرێته‌وه‌ به‌ پێدانى قه‌رزه‌كه‌ به‌ گه‌نجان”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌  15 / 11 / 2017) ئه‌ندامانی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ تاوتوێكردنى پێشنیاز و داواكارییه‌كانى ئه‌و پرسه‌، وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ  نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى دارایی و وه‌زاره‌تى پلاندانان، كۆبوونه‌وه‌.

ڕوونیشی كرده‌وه‌، كه‌ له‌میانى گفتۆگۆكه‌دا بڕیاردرا به‌دواداچون بۆ كاراكردنه‌وه‌ى هه‌ردوو سندوقی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌رزی بچووكی لاوان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكرێت، هاوكات نووسراوى داواكارى بۆ حكوومه‌ت كرا كه‌  له‌ساڵی نوێوه‌ (2018) قیستى قه‌رزى بچووك  له‌ هاوڵاتیان وه‌ربگیرێته‌وه‌ و پێدانی قه‌رزه‌كه‌ش به‌ گه‌نجان به‌پێى ڕێنمایی و مه‌رجه‌ دیاریكراوه‌كان، ده‌ست پێبكاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها وتیشی “پلانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه‌، كه‌ بارگرانى نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌ت، چونكه‌ به‌پێى پلانه‌كه‌ ئه‌و قه‌رزه‌ی كه‌ لای هاووڵاتیانه‌ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ و ده‌خرێته‌ ژماره‌یه‌كى بانكی تایبه‌ت، دواتر به‌پێی رێنمایى و بڕیارێك جارێكی تر به‌سه‌ر گه‌نجان دابه‌ش ده‌كرێته‌وه‌”.