بە مەبەستی چۆنییەتی رووبەرووبوونەوەی رووداوە سرووشتی و نەخوازراوەكان، لیژنەی ( فریاگوزاری خێرا ) بۆ رووبەروو بوونەوە پێك دەهێنرێت كە لەلایەن كەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە سەرپەرشتی دەكرێت.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە دیوانی قائیمقامییەت لەگەڵ بەرێوەبەر و نوێنەرانی دام و دەزگا حكومیە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كۆبویەوە، لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی دانانی ئەو میكانیزمانەی كە پێویستە لەكاتی هەر جۆرە حاڵەتێكی سروشتی نەخوازراودا بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی سەرو گیان وماڵی هاوڵاتیان.
لەكۆبونەوەكەدا ئاوات محمد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: ئەو لیژنەی پێك هێنراوە بەرپرس دەبێت لە سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و پاراستنی شاری سلێمانی لە رووداوە نەخوازراوەكان، بۆئەمەش پشت بەو توانایە دەبەستین كەلەدامودەزگاكانی حكومەتدا هەیە و هەوڵ بدەین بە هەمئاهەنگی هەموو لایەك بەرەو پێشەوەی ببەین، و ئەم هەمئاهەنگیەش زۆرێك لە كەموكورتیەكان پڕئەكاتەوە.
لەوبارەیەوە، دارا حسن فەرەج بەرێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی ووتی: لە كۆبوونەوەكەدا بە فراوانی گفتوگۆمانكرد لە بارەی چۆنییەتی رووبەرووبونەوە لە كاتی روودانی هەر دیاردەیەكی سروشتی و نەخوازراو یاخود حاڵەتی ئاگركەوتنەوە و رووداوی كارەبا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی فریاگوزاری خێرا پێك دەهێنرێت و لەلایەن كەسانی پسپۆر و شارەزاوە چاودێری دەكرێت كەلە دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكهاتووە.
دارا حەسەن ووتیشی لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لیژنەكە بەردەوام لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ رووبەرووبوونەی هەموو ئەو حاڵەتانەی كە بەهۆی ئاگركەوتنەوە و رووداوی كارەباوە یاخود بەهۆی باران و لافا و و بومەلەرزەوە رووئەدەن.