ئەحەی گوڵە.. بەناوبانگترین جگەرچی شار: “ئاسوودەم لەژیاندا”

ئەحمەدی جگەرچی كە بە”ئەحەی گوڵە” بەناوبانگە لەناو شاردا، ئاماژە بەوە دەكات كە لەساڵی 1938ەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام خەریكی جگەرچێتییە، لەو كاتەوەی بە 4 عانە ئیشی دەكرد تا ئێستا كە تەمەنی 82 ساڵە.
 
هێشتا تەمەن‌و پیرێتی زەفەری بەم پیاوە دلۆڤانە نەبردووە كە ماوەی 73 ساڵە خەریكی جگەرچێتییە، هەموو دەمەو بەیانییەك وەك نەریت‌و پیشەی هەمیشەیی لەگەڵا كوڕەكانیدا لەدوكانە پاك‌و خاوێنەكەیدا ئامادەیە، ئەو بەدەم جگەر لەشیش دانەوە بەگۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند كە “ئاسوودەم لەژیاندا”.
ئەحەی گوڵە وتی “ساڵی 1930 لەگوندی میراوە لەدایكبووم، لە1938ەوە كە هاتومەتە ئەم شارەوەوە شاگردیم كردووەو خەریكی ئەم ئیشەم، ئەوكاتە رۆژی بە 4 عانە ئیشم دەكرد، لەساڵی 1965ەوە هاتومەتە ئەم دوكانەوە كە دەكەوێتە گەڕەكی كانێسكانەوە‌و تا ئەمڕۆش هەر لێرەدام، لەبیرمە وەختی خۆی شیشێك جگەر بەپەنجا فلس بوون دوایی بوو بەروبعێك‌و ئنجا بوو بە شەش پەنجایی‌و پاشان بەدینارێك”.
ناوبراو باسی لەوە كرد كە ئەودەمە شار چەند جگەرچییەكی بەناوبانگی وەك بابە خولە، حاجی حەمەسوور، ساڵح مڕەیی‌و حەمە جەلیلی تیا بووە.
“ئەحەی گوڵە” كە یەكێكە لەكەسایەتییە ناودارەكانی شاری سلێمانیو تەنانەت بەئەندازەیەك ناسراوە كە هەندێكجار بۆ دۆزینەوەی هەندێك ناونیشان دەڵێن لای یان نزیك “ئەحەی گوڵە”یە، ئاماژە بەوە دەكات كە “ئەمە ئیشێكی زۆر بێمنەتە‌و ئاسوودەم لەژیاندا”.
ئەو وتی “تەندروستیم لەچاو رەفیقی خۆمدا باشەو دێم‌و دەڕۆم، مناڵەكان ژنم بۆ هێناون‌و دوكان‌و خانوویان هەیەو ئەمانەم بۆ هەموویان بنیاتناوە، ئاسوودەم لەژیانیشدا لەبەرئەوەی هەتا ئێستا 10 فلسی كەسم نەخواردووەو بەدرێژایی ژیانیشم غەدرم لەكەس نەكردووەو هیچ كەسێكیش ناوی بەخراپە نەبردووم‌و رێزم بۆ گەورەو بچووكی خەڵك هەیە”.