سەرك كۆماری كۆلۆمبیا، خوان مانوێل سانتۆس رایگەیاند كە ئیمارات، بڕی ٤٥ ملیۆن دۆلار وەك پشتیوانی دارایی پێشكەشی وڵاتەكەی دەكات.
لە میانی سەردانەكەی بۆ ئیمارات دوای دیداری لەگەڵ جێنشینی ئەبو زەبی، محەمەد بن زاید ئالنهەیان، خوان مانوێل سانتۆس لە بەیاننامەیەكدا، روونیكردووەتەوە كە پشتیوانییە داراییەكەی ئیمارات، بە ئامانجی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە ئاشتاییە تەرخانكراوە كە حكوومەتی كۆلۆمبیا لەگەڵ بزووتنەوەی فارك واژووی كردووە.
خوان مانوێل سانتۆس ئاماژەی بەوەشداوە، ئیمارات شاندێك كە لە ٤٠ كەس پێكهاتووە بە مەبەستی هەڵسەنگاندن لە بارەی چۆنیەتی وەبەرهێنان لە بوارەكانی ژێرخان، كشتوكاڵی و كەرتەكانی دیكە رەوانەی كۆلۆمبیا دەكات.
لە لایەكی دیكەوە سەرۆكی ئاژانسی هاریكاری نێودەوڵەتی سەر بە سەرۆكایەتی كۆلۆمبیا، سێرجیۆ لۆندۆنۆر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەو وڵاتەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر یارمەتی پێشكەشی كۆلۆمبیای كردبێت، ئیماراتە.
سێرجیۆ لۆندۆنۆر ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕە پارەییەی كە ئیمارات پێشكەشی كۆلۆمبیای دەكات بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە خەرج دەكرێت كە بە هۆی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی حکوومەتی كۆلۆمبیا و چەكدارانی فارك زیانیان بەركەوتووە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە لە میانی سەردانەكەی بۆ ئیمارات، سەركۆماری كۆلۆمبیا، خوان مانوێل سانتۆس چاوی بە جێگری سەرۆكی دەوڵەت و فەرمانڕوای دوبەی، محەمەد بن راشد ئالمەكتوم بكەوێت.