باسوقی بەناوبانگی ئەلعەزیز کە بە “ئۆرجیک” ناسراوە، دوای ماندووبونێکی زۆری گوندنشینان بەرهەم دێ، بەڵام تاموچێژەکەی ماندووبوونیان بیردەباتەوە.
دروستکردنی باسوق لەگەڵ رەز رنیندا دەست پێدەکات و ئەگەر هەلومەرجەکانی کەشوهەوا گونجاو بێ تا کۆتایی وەرزی پاییز بەردوام دەبن. بەرهەمهێنەران بۆ ئەوەی بەکارەکانیان رابگەن کە داواکاری زۆری لەسەرە شەو و رۆژیان خستووەتە سەریەک بۆ باسوق دروستکردن.
لە پارێزگای ئەلعەزیز پەنجا جۆر ترێ هەیە، باسوقی ئۆرجیک لە ئاوی ترێ و گیراوەیەک دروست دەکرێ و دواتر بە داو و دەرزی کاکڵە گوێزیشی بەناودا دەکرێن و لەگەڵ گیراوەکە لێک دەدرێن. ئەم جۆرە باسوقە تاموچێژەکەی سەرتاسەری تورکیا تەنیووەتەوە و جاران لە لایەن گوندنشینانەوە دەکرا بە دیاری بۆ دۆست و ئازیزان، بەڵام ئێستا بەهۆی داواکاری زۆر لەسەری بووەتە داهاتێکی گرنگی ژیانی گوندنشینان.
نیازی ئەمول کە لە ناوچەی مێژوویی خارپوت دەژی و تەمەنی ٧٤ ساڵە، راگەیاند، باسوقی ئۆرجیک تایبەتە بە ئەلعەزیز، وتی: “ئەگەر لە خوانێکدا شتانی وەک باسوقی ئۆرجیک، سجوق، دۆشاو دانەنران کەس ئەوە بە خوان دانانێ. باشترین خواردنێک بۆ میوانەکانمانی دابنێین ئۆرجیکە. ئەو باسوقە زۆر تەندروست و وزەبەخشە”.
ئەمول ئاماژەی بەوە دا کە لەوەرزی زستاندا وەک چەرەز ئۆرجیک لەگەڵ چا دەخۆن، بەهۆی داواکاری زۆر لەسەریشی لەم ساڵانەی دواییدا لە کارگەی تایبەتمەند بەرهەمی دەهێنن. تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە بەرهەمهێنانی کارێکی سەختە و پشوودرێژی دەوێ.
لەبارەی چۆنێتی بەرهەمهێنانیشیەوە ناوبراو وتی: “ئەو ترێیەی ئۆرجیکی لێ دروست دەکرێت بە تایبەتی کۆدەکرێتەوە و لە ئەستێلکی تایبەتدا دەگوشرێ و دواتر ئاوەکەی بە مەنجەڵ دەکوڵێندرێ و بە خاکی تایبەتی ناوچەکە هەوێن دەکرێ. دوای هەوێنکردنیشی ئاوەکە دیسانەوە دەکوڵێندرێتەوە و ئاردی گەنمی تێدەکرێ و دەبێتە گیراوە. دواتر بە داو و دەرزی کاڵکە گوێزی بەناودا دەکرێن و لەگەڵ ئەو گیراوەیە لێکدەدرێن و لەبەر تیشکی خۆر دادەندرێ بەمەبەستی وشکبوونەوە”.