عەتا حاجی رەجەب ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بازرگانی ناسراوی شاری سلێمانی لەم چاوپیکەوتنەیدا لەگەڵ سایتی ژوور دەڵێت ”ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ باشور و ناوەڕاستی عێراق بەردەوامە و داخستنی دەروازە سنوریەکان هیچ کاریگەری نەبووە لەسەر بازاڕی قوماش”.
لەئێستادا بازرگانی قوماش لەچ ئاستێکدایە؟
عەتا حاجی رەجەب: لەم کاتەدا بازرگانی قوماش لەو پەڕی خراپیدایە و لەئاستێکی نزمدایە لەبەر ئەوەی باردۆخی ئابوری خەڵک زۆر خراپە نرخەکان بەردەوامن لە دابەزین، جاران ئەگەر فرۆشیارێک لەسەدا بیست قازانجی بکردایە ئێستا تەحەدا ئەکەم هیچ فرۆشیارێکی قوماش ناتوانێت مانگی ملیۆنێک دینار پەیا بکات بۆ نمونە جاران ئەگەر مەترێک قوماش بە ٥ هەزار بفرۆشرایە ئێستا بە ٣ هەزار دەفرۆشرێت بازاڕیش نیە.
ئەو قوماشانەی لەبازارەکانی شاری سلێمانیدا هەیە لەچ وڵاتێکەوە هاوردە دەکرێت؟
عەتا حاجی رەجەب: زۆربەی قوماشەکان لەوڵاتانی تورکیا و ئێران و هێندستان و سینەوە هاوردە دەکرێن بۆ شاری سلێمانی قوماشی تورکی کوالێتی زۆر بەرزە ئێرانیەکان کوالیتیان بەرزە سینەکان کوالێتیان لەو دوانە بەرزترە بەڵام گۆرانکاری بەسەر دێت، هەندێکیان کوالێتیان نزمە لەبەغاوە هاوردە دەکرێن بۆ شتی بازاری بەکاردێن، بەڵام قوماشی سینی هەیە کوالێتیەکەی وەک ئینگلیزی و ئیتاڵی وایە لەبەر ئەوەی بەچاکی دروستکراوە و کوالیتی زۆر بەرزە ئەمەش بەپێی خواستی بازرگانەکە ئەگۆرێت هەیە حەز ئەکات شتی کوالێتی بەرز و چاک هاوردە بکات و بازرگانیش هەیە بەپێچەوانەوە.
لەئێستادا چەند جۆر قوماش لەبازارەکانی شاری سلێمانیدا هەیە؟
عەتا حاجی رەجەب: زۆربەی ئەو قوماشانەی ئێشتا لەبازارەکانی سلێمانیدا هەن لەخوری ئوستورالی چاک دروستکراون لەبری پۆرستەر تراڤێرایان تیایە لەبەر ئەوی تراڤێرا مادەیەکی پێشکەوتوتر و باشترە وەک قوماشی گەزەبە و سەرۆک و پرۆنتۆ دەردەکەوێت، قوماشی هیندیش هەیە لەسەدا پەنجای خوریە و سەدا پەنجاکەی تری ترفێرا و پرۆستەرە، ئەمیش قوماشی چاکە ئەمێنەتەوە لەبەردا و رەنگی ناڕواو و تێکناچێ.
داخستنی دەروازە سنوریەکان تاچەند کاریگەری کردۆتە سەر بازاڕی قوماش؟
عەتا حاجی رەجەب: داخستنی دەروازە سنوریەکان هیچ کاریگەری نەبووە لەسەر بازاڕی قوماش لەبەر ئەوەی ئەوەنە کوتاڵمان هەیە بەشی ساڵێکی تریش دەکات.
ڕەوشی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان شاری سلێمانی و ناوەڕاست و خواری عێراق چۆنە؟
عەتا حاجی رەجەب: ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ باشور و ناوەڕاستی عێراق بەردەوامە و نزیەکەی لەسەدا ٥٠% مامۆڵەمان لەگەڵ بەغدا هەیە و ئیشیان لەگەڵ دەکەین .
لەبەرچێ نەتوانراوە لەکوردستان کارگەیەکی قوماش دابنرێت، جل و بەرگی مارکەی کوردیمان هەبێت؟
عەتا حاجی رەجەب: ئێمە ئەگەر کارگەی قوماشەکەشمان نەبێت لەرابردوودا کارگەی خەیاتەمان هەبوو لەشاری سلێمانی کۆمەڵیک کرێکاری بەتوانا و شارەزای تێدابوو هەلی کاری بۆ ٧٠٠ کەس رەخساند بوو چاکەت و پانتۆڵ و جلی کوردی و ئەنواع جلی بۆ پیاوان و ژنان و منداڵان بەرهەم دەهێنا کە مارکەیەکی خۆماڵی بوو جگە لەو ٧٠٠ کەسەی لەکارگەکدا ئیشیان دەکرد بەسەدان فرۆشیاری ناو بازاریش لەکارگە سودمەند بوون، پرۆژەیەکی جوانی سلێمانیش بوو، بەرهەمەکانی هەناردەی ناوەڕاست و باشوری عێراقیش دەکرا لەڕوی نرخیشەوە کەسانی بێ دەرامەت سودمەندی یەکەم بون لەکارگەکە لەبەر ئەوەی چاکەت و پانتۆڵ و جلی کوردی بە قەیست ئەدا بەفەرمانبەران و هاولاتیان بەلام بەداخەوە لەدوایی ساڵی ٢٠٠٣وە کارگەکە داخرا.