پاش سەدەیەک خزمەت تاکە شەمەندەفەرە هاوبەشەکەی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بێناز کەوتووە



ئەمە شەمەندەفەرێکی تەمەن سەدەییە، زیاتر لە سەدەیەک بەرلە ئێستا لێرەوە خەڵک بەم شەمەندەفەرە گەشتیان دەکرد بۆ پاریس و لەندەن و شوێنە دوورەکانی دیکە.

لە ساڵی ١٩١٦ بەریتانییەکان ئەم هێڵی ئاسنینەیان بنیاتنا، کە دەستە خوشکی چەندین شەمەندەفەری دیکە بوو لە عێراقدا، و سەرلەبەریان بە خەڵووز کاریان دەکرد.

ئەوکات لە رێگەی شاری موسڵەوە بەهێڵی تۆرۆس خەڵک گەشتیان دەکرد بۆ وێستگەی حەیدەر پاشا لە ئەستەنبوڵ ولە دەریاکان دەپەڕینەوە بۆ ئەوروپا، کۆمپانیا تۆماس کۆک و چەند کۆمپانیایەکی دیکە، کە بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئەو سەردەمە بوون گەشتەکانیان رێکدەخست،فارگۆنی شەمەندەفەرەکان پۆلبەند کرابوون بۆ دوو بەشی ئاسایی و تایبەت ،  ژەمە خۆراکی ناو شەمەندەفەرەکە لەفەی نۆک و هێلکە و ساردەمەنی و چای تێنەدەپەڕاند.

لە ١٦ ی نیسانی ساڵی ١٩٣٦ واتە بیست ساڵ پاش بنیاتنانی هێڵی شەمەندەفەرەکە، پڕۆژەکە ڕادەستی کەرتی تایبەت کراو کۆمپانیای تایبەتمەند بڕی ٤٠٠ هەزار دیناری وەک بارمتە لەلایەن ئینتیدابی بەریتانی لێ وەرگیرا و بڕێک مەرجی تایبەتیشى بەسەر کۆمپانیای تۆرۆسدا سەپاند.

ئاژووتنی شەمەندەفەرەکە تاوەکو چوار ساڵ لەلایەن ئینگلیز و هیندیەوە بوو، پاشان (عەبد عەباس مەفەرچی) وەک یەکەم شۆفێری شەمەندەفەری عێراقی تیایدا دەستبەکاربوو.

کارکردنی ئەم شەمەندەفەرە زیاتر لە نیو سەدەی خایاند و بێ پەروا بەسەر ئەم خاکی کوردستان و تورکیا و فەرەنگستانەوە دەخلیسکا و چکە چکی دڵی خەڵکی ناوچەکەی خۆش دەکرد کە هێشتاش شەمەندەفەرەکەیان زیندووە و رێ دەکات، بەیت و بالۆرەو قسەی سەر زارانی خەڵک بوو پەککەوتن و دواکەوتنی،،بەڵام گەشتەکانی بەردەوام بوو، لە ساڵی ١٩٨٧ حکومەتی عێراقی نۆژەنی کردەوە و ئەمجارەیان بە گوڕوتینی تازەوە هاتەوە مەیدانی گەشتکردن، بەڵام سنووری ناوخۆی تێنەدەپەڕاند و هێندەی گواستنەوەی خەڵکی مەدەنی، سەربازی پێدەگوازرایەوە لە کەرکوکەوە بۆ باشووری عێراق،

پاش سەدەیەک لە خزمەت، وادەبینن تاکە شەمەندەفەرە هاوبەشەکەی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بێناز کەوتووە و لەگەڵ سەختی رۆژگار و تاڵیی یادەوەرییەکانی پەلەکانی زیاتر دەشکێن و بەساڵاچوون و پیریی بەرەو گۆڕستانی دەبەن،  ئەو فۆتۆیە ریکلامی گەشتی شەمەندەنەفەری عێراقە لە بەسڕەو بەغداو کەرکوک.