لەهەرێمی كوردستان ئەوەی دەبینرێ بازاڕو بازرگانی لەدەستی پیاواندایە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لەژنانیش هەن كە لەكەرتە جیاوازەكانی بازرگانیدا ماوەیەكە بەچڕی خەریكی سەرمایەگوزارین.
لەشاری هەولێر رێكخراوێكی تایبەت هەیە بەناوی (كۆمەڵەی خانمانی كارساز) و ئیشوكاری ئەم رێكخراوە ئەوەیە كە ئاسانكاریی دەكات بۆ ئەو ژنانەی دەیانەوێ تێكەڵی دنیای سەرمایەداری بن، ئێستا ئەم رێكخراوە 63 ئەندامی هەیە كە كاری سەرمایەدارییو بازرگانی دەكەن.
هیچ ئاستەنگێكی یاسایی نییە
بەگوێرەی قسەكانی تریسكە ئەسعەدی سەرۆكی كۆمەڵەكە، كە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە، بەشداری ژنانی هەرێمی كوردستان لەبازاڕو بازرگانیدا زۆربەی بوارەكانی گرتووەتەوەو هەر كەرتێكی ئابووری بگری، ژنان پشكێكیان هەیە، بەڵام بەڕێژەیەكی زۆر كەم لەچاو پیاواندا.
ئەو كەرتانەی ژنان بەشدارییان تێدا كردووە بریتین لەوەبەرهێنان، بیناسازیی، بەڵێندەرایەتی خزمەتگوزاریی دامەزراوە حكومییو گشتییەكان لەگەڵ سەنتەرەكانی ئارایشتگاو رازاندنەوەی خانمان كە ئەمەی دواییان لەئاستێكی بەرزدایە.
تریسكە بەماڵپەڕی نیقاشی وتوە:»لەهەرێم هیچ ئاستەنگێكی یاسایی نییە بۆ ژنان كە بیانەوێ راستەوخۆ بەشداری بكەن لەبازاڕو بازرگانیدا، نەك هەر ئەوە بەڵكو حكومەت ئاسانكاریی زیاتر بۆ خانمانیش دەكات ئەمەش وەكو هاندانێك بۆ هاتنە پێشەوەی هەرچی زۆرتری ژنانە لەكەرتی ئابووریدا».
پاشەكشەیان كردووە
تاساڵی ٢٠١٣ ئابووری هەرێمی كوردستان بەڕادەیەكی زۆر پێشكەوت كە بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی (دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم) ئاستی وەبەرهێنان گەیشتە نزیك بە ٣٦ ملیار دۆلار، كە ئەمەش بۆ هەرێمێك لە عیراق گەشەكردنێكی جێی سەرسوڕمان بوو. بەڵام باڵۆنی ئەم ئابوورییە گەشەكردووە، لەساڵی ٢٠١٤ كاتێ چەكدارانی داعش موسڵیان داگیركردو روویان لەهەرێمی كوردستانیش كرد، هێدی هێدی هاتەوە خوارەوەو ئێستا ئەم هەرێمە لەقەیرانێكی قوڵی ئابووریدا گیری خواردووە.
سەرۆكی كۆمەڵەی كارسازی خانمان روونیدەكاتەوە: بەهۆیە كاریگەریی ئەو قەیرانە ئابوورییەی سێ ساڵە رووی لەهەرێمی كوردستان كردووە، كاریگەریی لەسەر بەشداری ژنانیش هەبوو لەبازاڕ و بازرگانیدا، نەك هەر ئەمە بەڵكو «ژنانێكی زۆر كە خاوەنی سەرمایەو ئابووریی بوون، پاشەكشەیان كردووەو لەبازاڕ كشاونەتەوە».
ژنان لەبازاڕ و ماركێتەكاندا
ژنان لەجموجۆڵە بازرگانییە گەورەكان كشاونەتەوە، بەڵام لەكارە سادەكاندا ژمارەیان هەڵكشاوە، بەتایبەتی ئەو كارانەی سەرمایەی زۆریان ناوێت.
كۆتایی ساڵی ٢٠١٥ لەناو شاری هەولێر بازاڕێكی گەورە بەناوی (داون تاون) كە بڕیاربوو تایبەت بۆ ژنان بێ كرایەوە، لەسەرەتای كردنەوەیدا سەرپەرشتیارانی ئەو بازاڕە ئاماژەیان بەوەدا كە دەتوانرێ لەداون تاون دەرفەتی كار بۆ ٢٠ هەزار كچو ژن دابین بكات، ئامانج لەدروستكردنی ئەو بازاڕە هاندانی زیاتری ژنان بوو بۆ بەشداریكردنی راستەوخۆ ژنان لەبازاڕدا، بەڵام ئێستا لەم بازاڕەدا تەنیا ٢٦ ئافرەت كار دەكەن.
سومەیە ڕەسوڵ تەمەن ٢٣ ساڵان لەبازاڕی قەیسەری شاری هەولێر لەدوكانێكی فرۆشتنی جلوبەرگی ژێرەوەی ژناندا كار دەكات، ئەو كچە ماوەیەكی كەمە دەستی بە كاركردووە. بەڵام دەڵێ ئاسوودەیە لەكارەكەی چونكە لەلایەن ژنانی كڕیارەوە پیشوازیی باشی لێكراوە كە ئەمەش نیشانی دەدا دەرفەتی كار بۆ ژنان هەیە ئەگەر خۆیان بیانەوێ بەشداری بكەن.
سومەیە وتی:»ئەو ژنانەی دێنە لای ئێمە لەڕووخساریاندا دیارە كە زۆر ئاسوودەن بەهەبوونی ژنێك لەبازاڕو ماركێتەكاندا كە فرۆشیاربێ، چونكە بەهۆی دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكانەوە ژنان زیاتر حەز دەكەن بۆ كڕینی هەندێ پێداویستی ژنانە لەگەڵ ژناندا مامەڵە بكەن نەك پیاوان، بۆیە ئەمە وا دەكات بازاڕێكی گەورەو فراوانی وەكو هەولێر دەرفەتێكی باش رەخساوە بۆ كچان كە بەشداری راستەوخۆ بكەن لەبازاڕدا».
قەیرانی دارایی هۆكار بوو
ئەنجومەنی باڵای خانمان كە راستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستانە، یەكێك لەپڕۆژەكانیان هاوكاریكردنی ژنانی گوندەكان بووە تا ببنە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆیان، بەڵام دیسان ئەو پڕۆژەیەش بووە بەژێر قەیرانە داراییەكەی هەرێمەوە.
پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمان وتی:»ئێمە وەك ئەنجومەنی باڵای خانمان پڕۆژەیەكمان هەبوو بۆ ژنانی گوندنشین بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانو ژمارەیەك رێكخراوی نێودەوڵەتی، بەڵام قەیرانی دارایی هۆكار بوو بۆ ئەوەی پڕۆژەكەمان پشتگوێ بخەینو جارێ وازی لێ بێنین».
ژنانی كورد لەكوردستانی عیراق، لەچاو بازاڕدا بەشدارییەكی زۆرتریان هەبووە لەكایەی ئیدارەو سیاسیدا. بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لەساڵی ٢٠١١دا رێژەی ئافرەتان لەناو فەرمانبەرانی دەوڵەتدا ٤٠% بووە.
١٢ ژن پۆستی وەزیریان وەرگرتووە
لەساڵی ١٩٩٢ەوە كە پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە، لە هەموو خولەكاندا ژنان بەشدارییان كردووە. ئەم بەشدارییە تادێت زیاتربووە بۆ نموونە لەیەكەم خولدا تەنیا شەش ژن ئەندامبوون، بەڵام لەخولی چوارەمدا كە ساڵی ٢٠١٣ هەڵبژێردراوە، ٣٣ ئەندامی ژنی تێدایە.
هەروەها لەیەكەم كابینەی حكومەتەوە تائێستا كە هەشتەم كابینەیە، ١٢ ژن پۆستی وەزیریان وەرگرتووە، راستە ئێستا ژنێكیش لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، بەڵام هەرگیز ژنێك لەسەرۆكایەتی حكومەتو هەرێمدا نەبینراوە كە بەلای چالاكوانانی مافەكانی ژنانەوە ئەمە خەوشێكی گەورە لەئەزموونی حوكمڕانی كوردیدا كە بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە ژنێك نەگەیشتووەتە پۆستە باڵاكانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان.
نیقاش