ئەحمەد کەلاری: بازرگانان دڵنیا دەکەمەوە شەممەی داهاتو دەروازەی پەرویزخان دەکرێتەوە


ئەحمەد کەلاری ئەندامی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی‌و نوێنەری بازرگانانی گەرمیان لەم چاوپیکەوتنەیدا لەگەڵ سایتی ژووری بارزگانی وپیشەسازی سلێمانی دەڵێت “دەبوایە رۆژی سێشەممە ٧ / ١١، دەروازەی پەرویزخان بکرایەتەوە، بەڵام لەبەر سەرقاڵی بەچلەی ماتەمینی ئیمام حسێن‌ەوە وادەی کردنەوەی کەوتوەتە شەممەی داهاتو ١٣ / ١١ “.

بازرگانی‌و پیشاسازی: لەدوای داخستنی دەروازەی سنوری پەروێزخان کاروچالاکی بازرگانی لەناوچەی گەرمیان لە چ ئاستێکدایە؟
ئەحمەد کەلاری: لەدوایی داخستنی سنورەکان بەفەرمی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جوڵەی بازرگانی لەگەرمیان لەسەدا هەشتا کەمی کردوە لەبەر ئەوەی  بەوتەی ئێرانیەکان لەسەدا چل و حەوتی ٤٧% هاوردەکردن بۆ عیراق و کوردستان لەرێگەی دەروازەی سنوری پەرویزخانەوە ئەنجام دەدراوە لەکاتی داخستنیەوە هیچ جوڵەیەکی بازرگانی تیادا نەماوە.

بازرگانی‌و پیشاسازی: هەوڵەکانتان چی بووە بۆ کردنەوەی مەرزی پەروێزخان؟
ئەحمەد کەلاری: هەر لەیەکەم رۆژی داخستنی دەروازە سنوریەکانەوە دوای ئەوەی لەلایەن سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی و پێسەسازی سلێمانیەوە ئاگادار کرامەوە چەندین جار قسەم لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ئێران کردو چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی گومرکی ئێران کۆبومەوە، چەند جارێک لەگەڵ بەرپرس و جیگری دەروازە  سنوریەکانی ئێران کۆبومەوە کە سەر بەوەزارەتی ناوخۆی ئێرانە بۆ ئەوەی بەهەموومان ریگە چارەیەک بدۆزینەوە بۆ کردنەوەی  مەرزەکان بەزوترین کات.

بازرگانی‌و پیشاسازی: هەڵوێستی بازرگانان و بەرپرسانی ئێران چی بوو لەبارەی کردنەوەی مەرزەکانەوە؟
ئەحمەد کەلاری: کاریگەری داخستنی دەروازە سنوریەکان تەنها لەهەرێمی کوردستان نەبوو بەڵکو لەدیوی ئێرانیشەوە زۆرێک لەخاوەن کارگەکان و بازرگانانی ئێران پەیوەندیم پێوەدەکەن و هاوکارم بون لەهەوڵەکانم بۆ کردنەوەی دەروازە سنوریەکان. خۆشبەختانە رۆژی شەممەی رابردوو لەکۆبونەوەیەکمدا لەگەڵ سەرۆکی ژووری بارزگانی و پیشەسازی کرماشان لەدیدارێکدا لەگەڵ گومرکی پاریزگای کرماشان و جێگری بەرپرسی هەموو مەرزەکانی ئێران دکتۆر شەهریار حەیدەری قسەمان کرد، پێیان راگەیاندم لەلایەن بەرپرسانی تارانەوە بڕیار دراوە و پارێزگاری کرماشانیش ئاگادار کراوەتەوە بۆ ئەوەی مەرزی پەرویزخان بکرێتەوە.

بازرگانی‌و پیشاسازی: کەی دەروازەی سنوری پەرویزخان دەکرێتەوە؟
ئەحمەد کەلاری: دەبوایە رۆژی سێشەممە دەروازەکە بکرایەتەوە، بەڵام لەبەر سەرقاڵی بەچلەی ماتەمینی ئیمام حسێن‌و رۆشتنی گەشتارێکی زۆر لەئێرانەوە بۆ مەرزی میهران کە ئەویش بەسەر پاریزگای کرماشاندا تێدەپەرێت، رێگاکان قەرەباڵغی زۆری لەسەرە بۆیە نەتوانرا دەروازە بکرێتەوە. بەڵام بازرگانان دڵنیا دەکەمەوە بریار دراوە رۆژی شەممە ١٣ / ١١ / ٢٠٠٧ دەروازەی پەرویزخان دەکرێتەوە.
بازرگانی‌و پیشاسازی: ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی  پرۆتۆکۆڵی لەگەڵ ژووری بارزگانی و پیشەسازی کرماشان و ئەسفەهان واژۆ کردوە ئایا ئەم پرۆتۆکۆڵانە توانیوێتی ئاسانکاری بکا بۆ کردنەوەی دەروازە سنوریەکان؟
ئەحمەد کەلاری: بەڵی بەدڵنیایەوە، من وەک خۆم چاودێری جێبەجێکردنی ئەو پرتۆتۆکۆڵانە دەکەم کە لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان و ئەسفەهان واژومان کردەوە، چەندین جار پەیوەندیم بەسیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە کردەوە ئەویش لەرێگەی کەناڵەکانی خۆیەوە گوشاری لەکۆماری ئیسلامی ئێران کردوە بۆ ئەوەی مەرزەکان بەزووترین کات بکرێنەوە، چونکە داخستنی مەرزەکان زیانی زۆری لەخاوەن کارگە و بازرگان و جوتیاران و کرێکانی ئێرانیش داوە خۆیان دان بەو راستیەدا دەنێن بەبەردوامیش لەگەڵمان لەپەیوەندیدا بوون بۆ ئەوەی هەوڵبدەین بەزوترین کات ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەمەرزەکان ئاسایی بێتەوەو بگەرێتەوە دۆخی جارانی.

بازرگانی‌و پیشاسازی: بۆ دووبارە نەبونەوەی داخستنی مەرزەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێوستە چی بکرێت؟
ئەحمەد کەلاری: زۆر گرنگە وەفدێک لەلایەن یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان سەردانی ئێران بکەن و لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ئێران کۆببنەوە بۆ ئەوەی نیگەرانی بازرگانان و خاوەن کارگەکان و جوتیارانی ئێرانەوە دروست نەبێت بەهەمان شێوە نیگەرانی لەلایەن بازرگانەکانی ئێمە دروست نەبێت، چونکە ئەم بارودۆخە وایکردوە بازرگانانی کوردستان بێ ئومێد بن، دڵەراوكیان لادروست بووە لەبەر ئەوەی لەهاوپیشەکانیان دوا دەکەون. لەدنیای ئەمرۆدا کاری بازرگانی کێبڕکێیە، بازرگانان لەتورکیاو سین و ئەوروپا کاڵا و شتومەک هاوردەی کوردستان دەکەن، بۆیە ئەو بازرگانانەی لەئێرانەوە شتومەک هاوردە دەکەن ئەگەر بە پانزە رۆژ و بیست رۆژ کارەکانیان بوەستێت ناویان بەرەو کویربونەوە و نەمان دەروات لەبازارەکاندا بازرگانی تر کە لەگەڵ وڵاتانی تر کاردەکەن شوێنیان دەگرنەوە، بۆیە زۆر گرنگە بەزوترین کات ئێمە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین بۆ ئەم مەبەستەش نوسراوێکمان ناردوە بۆ یەکێتی ژورە بازرگانیەکانی ئێران لەرێگەی ئاگای کاشفیەوە بۆ ئەوەی بەپەلە ئەو کۆبونەوانە ساز بکەین.

بازرگانی‌و پیشاسازی: لەدوای داخستنی مەرزی پەرویزخانەوە تا چەند نرخەکان  لەگەرمیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟
ئەحمەد کەلاری: خۆشبەختانە هەموو دەروازەکان بەروی هەرێمی کوردستان دانەخراوە، جگە لەو دەروازە فەرمیەکان پێنج دەروازەی نافەرمی تر هەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیایدا ئاساییە و کاڵاکان رۆژانە هاوردە دەکرێت  بۆیە نرخەکان ئاساییە وهیچ گۆرانکارییەکەم بەدی نەکردەوە. شایەنی باسیشە لەدوای داخستنی پەرویزخانەوە تەنها دەروازەی سنوری لەناوچەی گەرمیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیادا ئەنجام بدرێت دەروازەی سەرتەکە، رۆژانە لەو مەرزەوە ژمارەیەک بارهەڵگر دێنە کوردستانەوە، بەڵام بەو رێژەیە نیە بەراورد بکرێت بەپەرویزخان.

بازرگانی‌و پیشاسازی: ئایا لەگەڵ دەروازەی پەروێزخاندا مەرزی حاجی ئۆمەرانیش دەکرێتەوە؟
ئەحمەد کەلاری: نەخیر، بەپێی ئەو زانیاریانەی من هەمەو لەتارانەوە بەدەستم گەیشتووە کردنەوەی مەرزی حاجی ئۆمەران دەخرێتە قۆناغی سێیهەمەوە، دەکرێتەوە بەڵام لەگەڵ پەرویزخاندا ناکرێتەوە.