وه‌زاره‌تی دارایی عێراق پابه‌ندكراوه به كردنه‌وه‌ی هه‌ژمارێكی بانكی به ناوی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، هه‌روه‌ها ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش 682 هه‌زار و 21 فه‌رمانبه‌ره له كاتێكدا پتر له یەک ملیۆن و 300 هه‌زار مووچه‌خۆر له هه‌رێمدا هه‌ن.
به پێی به‌دواداچوونێک بۆ پڕۆژه بوودجه‌ی ساڵی دارایی 2018ی عێراق ده‌رده‌كه‌وێت له‌و خاڵه‌ی په‌یوه‌سته به حه‌شدی شه‌عبییه‌وه له مادده‌ی 31دا هاتووه، رێژه‌ی 4،8 له‌سه‌دی كۆی مووچه و دابینكردووه‌كان بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت و كه‌رتی گشتی و خانه‌نشینانن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ خه‌رجییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌هاناوه‌چوونی ئاواره‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش و به‌رقه‌راریی تەرخانکراوە، ئه‌مه پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی پابه‌ندكراوه به كردنه‌وه‌ی هه‌ژمارێكی بانكی به ناوی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه و سه‌رجه‌م پاره پێشكه‌شكراوه‌كان به حه‌شدی شه‌عبی ده‌خرێته ئه‌وێ.
سه‌باره‌ت به ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران لە پڕۆژه‌كه‌دا هاتووە کە ژمارەی فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان 682 هه‌زار و 21 فه‌رمانبه‌رە له كۆی دوو ملیۆن و 891 هه‌زار و 756 فه‌رمانبه‌ر له عێراق.
به‌شێك له ئابووریناسان ره‌خنه له پڕۆژه‌كه ده‌گرن به‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه داهاتێكی زۆری لێ نه‌خه‌مڵێنراوه، به‌تایبه‌ت دیاریكردنی نرخی نه‌وت كه به 43 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك هه‌ژماركراوه له‌كاتێكدا عێراق به‌رمیلێك نه‌وت به نزیكه‌ی 60 دۆلار ده‌فرۆشێت، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌گیرێت كه بڕه پاره‌یه‌كی زۆر بۆ حه‌شدی شه‌عبی دیاریكراوه، له‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه چه‌ند ساڵێكه بڕه پاره‌ی پێویست بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ته‌رخان نه‌كراوه.
سه‌باره‌ت به خه‌رجییه‌كانی حاكیمه له پڕۆژه‌كه‌دا هاتووه خه‌رجییه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ن:
جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری و وه‌به‌رهێنان له په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌لی حه‌مه ساڵح رایگه‌یاند “پڕۆژه‌ی بوودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2018 چه‌ند خاڵیكی تێدایه ئه‌گه‌ر چاك بكرێت ئه‌وا له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانه، له‌وانه پشكی هه‌رێمی كوردستان به بێ هیچ گفتوگۆیه‌ك له رێژه‌ی 17 له‌سه‌ده‌وه بۆ رێژه‌ی 12,67 له‌سه‌د كه‌مكراوه‌ته‌وه كه ئه‌مه به‌شی هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌مده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها دووه‌م ناوی هه‌رێمی كوردستان له پڕۆژه‌ی بوودجه‌دا به پشكی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان هاتووه كه ئه‌مه ناوێكی ناده‌ستوورییه و به پێی ده‌ستووری عێراق پشكی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌م ناوه نوێیه‌ش شێوه‌دابه‌شكردنێكه بۆ هه‌رێمی كوردستان، خاڵی سێیه‌م ژماره‌ی پێشمه‌رگه به پێی ئه‌وه‌ی له پڕۆژه‌كه‌دا هاتووه پێشمه‌رگه به‌شێكه له سوپای عێراق له نێو سوپای عێراقیش به‌شێكه له سیسته‌می به‌رگری و دوای لێكدانه‌وه ژماره‌ی پێشمه‌رگه نزیك ده‌بێته‌وه له 45 هه‌زار كه‌س، كه له راستیدا ژماره‌كه له‌وه زیاتره”.
به پێی به‌دواداچوونێک بۆ پڕۆژه بوودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2018 ده‌رده‌كه‌وێت پشكی هه‌رێمی كوردستان له پڕۆژه بوودجه‌ی ساڵی 2018ی عێراق بریتییه له 6 تریلیۆن و 721 ملیار و 700 ملیۆن و 420 هه‌زار دینار، هه‌روه‌ها پشكی هه‌رێم له گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان و پشكی هه‌رێم له‌و پڕۆژانه‌ی وه‌به‌رهێنان كه له رێگه‌ی قه‌رزه بیانییه‌كانه‌وه پڕده‌كرێته‌وه ده‌خرێته سه‌ری ئه‌وا كۆی بوودجه‌ی هه‌رێم ده‌گاته 6 تریلیۆن و 840 ملیار و 936 ملیۆن و 420 هه‌زار دینار كه ده‌كاته (5 ملیار و 787 ملیۆن و 594 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی).
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا عه‌لی حه‌مه‌ساڵح وتی: “به پێی پرۆژەکە هه‌موو ئه‌و داهاتانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له 2004 تا 2018 ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه به‌چاودێری دارایی و به هه‌ماهه‌نگی”.
سه‌باره‌ت به دیاریكردنی نرخی نه‌وت به بڕی 43 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێكیش ناوبراو وتی: “نرخی نه‌وت ئاساییه و باشه 43 دۆلار چونكه نرخی نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه و له‌به‌رامبه‌ریشدا ته‌قه‌شوفاتی كردووه، ئه‌وكات ئه‌و كورتهێنانه زۆره كه 20 ملیار دۆلاره ئه‌وه‌ی پێ پڕده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌ر زیاتریان نووسی با پڕۆژه‌كه خراپ ده‌بوو”.
هه‌روه‌ها وتیشی: “ئه‌گه‌ر خاڵی 12,67 چاك بكرێته‌وه كه بێ گفتوگۆ كه‌مكراوه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ شوێنی خۆی و ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان زۆر باش ئه‌م قه‌یرانه تێده‌په‌ڕێنێت”. سه‌باره‌ت به بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌كارییه‌كانی جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی دارایی و ئابووری په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌لی حه‌مه ساڵح رایگه‌یاند “بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌درێته په‌رله‌مانی كوردستان و هێشتا حكوومه‌تی هه‌رێم هیچ ئاماده‌كارییه‌كی بۆ نه‌كردووه، هه‌رێمی كوردستان قه‌رزێكی زۆری له‌سه‌ره، قه‌رزی روسنه‌فت ملیارێكی له‌سه‌ره، چوار ملیاری توركیای له‌لایه، هه‌روه‌ها قه‌رزێكی زۆری كۆمپانیاكانی نه‌وتی له‌لایه، بۆیه ئه‌مه جگه له‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق به گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم كه له‌جۆری هاوبه‌شیكردنه، له‌كاتێكدا گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی عێراق گرێبه‌ستی خزمه‌تن، ئه‌مه‌ش جیاوازیی زیاتر ده‌خاته نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی عێراق”.
بڕیاره ئه‌م هه‌فته‌یه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پڕۆژه بوودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی 2018 بخاته گفتوگۆوه بۆ مه‌به‌ستی تاوتوێكردن و پاشان ده‌نگ له‌سه‌ردانی، به‌ڵام هێشتا هه‌رێمی كوردستان هیچ هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه نییه، هۆكاری سه‌ره‌كیش بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه به تایبه‌ت ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ندیی هێنده گرژ كرد كه له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك پێكدادانی سه‌ربازییش روویاندا.