وەزارەتی بازرگانی: تۆماركردنی كۆمپانیا بیانیەكان لە كوردستان بەردەوامی هەیە


لەگەڵ هەموو ئەو رووداوانەی لە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر لە كوردستان روویانداوە بەڵام زۆرینەی كۆمپانیا بیانیەكانی كوردستان لە كارەكانیان بەردەوامن.

دڵزار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لەوەزارەتی بازرگانی‌ هەرێمی كوردستان  راگەیاند ”تۆماركردنی كۆمپانیا بیانیەكان لە كوردستان بەردەوامی هەیە و زیاتر لە 3 هەزار و 200 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستان هەیە و بەردەوامیش تۆمار دەكرێن”.

ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشدا:  ئەمساڵ زیاتر لە 15 كۆمپانیای بیانی هاتونەته‌ لای ئێمە و خۆیان تۆماركردووە،ساڵی رابردووش زیاتر لە 40 كۆمپانیای بیانی تۆماركراون، ئەو كۆمپانیایانەش لە هەموو بوارەكانن و جۆراوجۆرن.دڵزار ئیسماعیل روونی كردەوە: وێڕای رووداوەكانی كوردستان بەڵام كۆمپانیاكان بە سەرمایە و كارمەندەكانیان بەردەوامن لەسەر كارەكانیان.

لە پاڵ كۆمپانیا بیانیەكان  زیاتر لە 23 هەزار كۆمپانیای  خۆماڵیش لە  كوردستان  تۆماركراون كە بەشێك لەو كۆمپانیایانە پڕۆژەی هاوبەشیان لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان هەیە.

جەختی كردەوە زۆرینەی وڵاتانی جیهان لقی كۆمپانیاكانیان لەكوردستان دامەزراندووە، لەوانە كۆمپانیا توركییەكان، ئێرانییەكان لوبنانی و ئیماراتی  و ئەمریكی و چەند وڵاتێكی تر.

لە ساڵی 2000  یەكەم كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی  كوردستان مۆڵەتی وەرگرت كۆمپانیایەكی توركی بوو.