قاچاخچییه‌كان ڕێگرن له‌به‌رده‌م دابه‌شكردنی كۆبۆنی به‌نزین

به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، له‌مساڵدا پێنج هه‌زار كۆبۆنی به‌نزین تاوه‌كو ئێستا به‌راورد به‌ساڵی پار زیاتر دابه‌شكراون، قاچاخچییه‌كانیش هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبوونی قه‌ره‌باڵغی وێستگه‌كانن.
(جه‌مال عه‌لی) به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگای سلێمانی به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌وێستگه‌كانی به‌نزین كۆبۆنی تایبه‌ت به‌وه‌رگرتنی به‌شه‌ به‌نزینی شۆفێران دابه‌شده‌كه‌ن به‌گوێره‌ی توانایان ده‌توانن ته‌نها (200) كۆبۆن له‌ڕۆژێكدا دابه‌شبكه‌ن، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئه‌مساڵ (5) هه‌زار كۆبۆن زیاتر له‌ساڵی ڕابردوویان دابه‌شكردووه‌، وتیشی:”كۆمه‌ڵێك گرفتمان بۆ دروستبووه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك قاچاخچییه‌وه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل‌و فۆڕمی خۆراكی سلێمانییه‌وه‌ بازرگانی به‌ كۆبۆنی به‌نزین ده‌كه‌ن، هه‌ر كۆبۆنێكی به‌نزینیش (300) هه‌زار دینارو كۆبۆنی گازیش ملیۆنێك‌و (250) هه‌زار دینار ده‌كات”.