”عیراق 68 ملیار دۆلار قه‌رزاره‌”


ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دوپاتیده‌كاته‌وه‌، عیراق پابه‌نده‌ به‌وه‌ی ده‌بێت تا ساڵی 2053 قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بداته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ له‌لێدوانێكدا ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید وتی “به‌پێی به‌ڵگه‌كانی حكومه‌ت، قه‌رزه‌كانی سه‌ر عیراق كه‌ له‌ ماوه‌كانی رابردودا وه‌ریگرتوه‌، گه‌یشتۆته‌ 68 ملیار دۆلار، به‌ڵام عیراق پابه‌ند ده‌بێت كه‌ تا ساڵی 2053 ئه‌و قه‌رزانه‌ بداته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ره‌وشی دارایی عیراق قورس ده‌كات”.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، كه‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2018 له‌ ماوه‌ی 14 ساڵی رابردودا، به‌ خراپترین بودجه‌ی عیراق داده‌نرێت.

ئه‌حمه‌د ره‌شید هۆكاری خراپی بودجه‌ی ساڵی داهاتوی عیراقی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی به‌ نه‌وت به‌ستوه‌ و كه‌رته‌كانی دیكه‌ی ئابووری فه‌رامۆش كراون.

به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌، بودجه‌ی عیراق بۆ ساڵی 2018، بڕی 108 تریلیۆن و 113 ملیۆن دیناره‌ و كۆی داهاته‌كانیش له‌ بودجه‌كه‌دا، گه‌یشتۆته‌ 85 تریلیۆن دینار، هه‌روه‌ها كورتهێنان له‌ بودجه‌ی ساڵی 2018دا، بڕی 22 تریلیۆن دیناره‌.