نهێنی خۆدزینه‌وه‌ی كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ند له‌باجدان ئاشكرا ده‌بێت


دزه‌پێكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌دۆكیومێنتی دارایی ده‌ریخستووه‌ چۆن كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌نهێنی وه‌به‌رهێنانیان كردووه‌ له‌چه‌ندین دوورگه‌ و شوێنی دوور له‌كه‌نار ده‌ریا خۆیان له‌ باجدان دزیوه‌ته‌وه‌.

به‌ڵگه‌نامه‌كان كه‌ به‌ “پارادایس په‌یپه‌رس” ناسراون، بڕی 13.4 به‌ڵگه‌نامه‌ له‌خۆده‌گرێت ، كه‌زۆربه‌یان له‌ كۆمپانیایه‌كی دیاری دوور له‌كه‌ناری ده‌ریاوه‌ دزه‌یان پێكراوه‌.

به‌رنامه‌ی پانۆرامای كه‌ناڵی بی بی سی و رۆژنامه‌ی گاردیان و نزیكه‌ی 100 میدیای دیكه‌ ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌به‌ڵگه‌نامه‌كان.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان، شاژنی به‌ریتانیا و سكرتێری بازرگانی تره‌مپ، له‌نێوان ئه‌و كه‌سه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ن كه‌ به‌نهێنی، دوور له‌كه‌ناری ده‌ریا وه‌به‌رهێنانیان كردووه‌ به‌سه‌رمایه‌ی خۆیان، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ باجدان بدزنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، سكرتێره‌كه‌ی تره‌مپ پشكێكی هه‌یه‌ له‌ كۆمپانیایه‌كدا كه‌ مامه‌ڵه‌ی كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌س و كۆمپانیا ڕووسیانه‌ی له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ سزادراون. 

هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی ساڵی پار به‌ڵگه‌نامه‌كانی په‌نه‌ما بڵاوكرانه‌وه‌،  به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌ستی رۆژنامه‌ی سوده‌تچه‌ زه‌یتونگ-ی ئه‌ڵمانیی كه‌وتوون، داوای له‌كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی لێكۆڵه‌ر كردووه‌ سه‌رپه‌رشتی لێكۆڵنه‌وه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان بكات. 

به‌ڵگه‌نامه‌كان كه‌ دوێنێ ئاشكراكران، كاروباری باجدان و دارایی هه‌زاران كه‌سی سیاسی و ئه‌ستێره‌كان و كه‌سانی خاوه‌ن چه‌ندین ڕه‌گه‌زنامه‌ و كه‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ند ئاشكراكردووه‌، ده‌ریخستووه‌ چۆن ئه‌و كه‌سانه‌ رێوشوێنی ئاڵۆز و كۆمپانیای وه‌همیان گرتووه‌ته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی باج نه‌چێته‌سه‌ر سه‌روه‌ت و داراییه‌كانیان.