رەوتی بەرزبوونەوەی نرخی بیتكۆین كە دراوێكی دیجیتاڵییە، بەردەوامە و هەر یەكەیەك لەو دراوە گەیشتە حەوت هەزار و 300 دۆلار، تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەهای ئەو جۆرە دراوە هەزار یۆرۆ زیادی كرد.
كۆمپانیای CME GROUP لە شیكاگۆی ئەمەریكا بە یەكێك لە گرنگترین كۆمپانیاكانی ئەو بوارە هەژمار دەكرێت و دوایین بڕیاری ئەو كۆمپانیایەش ئەوەیە، ئەو جۆرە دراوە بخاتە بازاڕەوە و ئەمەش متمانەیەكی زیاتری بە دراوەكە دەبەخشێت. ئەو دراوە كە لە ساڵی 2011ەوە رەوتی بەرزبوونەوەی بەهاكەی زۆر كز بووبوو، ئێستە بە خێرایی نرخەكەی بەرز دەبێتەوە.
یەكێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی بیتكۆین ئەوەیە، بە پێچەوانەی دراوی ئاسایی، بە ئاسانی لە لایەن بانك و سیاسەتە دارایییەكانی دنیا یاسای بەسەردا پێڕەو ناكرێت و ئەو وڵاتەنەشی لە ژێر گەمارۆ و سزای ئابووریدان، دەتوانن بە پشتبەستن بەو دراوە بەشێك لە پێداویستییەكانی خۆیان دابین بكەن.
یورونیوز بڵاوی كردەوە كە ئێستە حكوومەتی ئێران دەیەوێت زەوینە خۆش بكات بۆ ئەوەی لە ئێران سوود لەو جۆرە دراوە وەربگیرێت و بەهۆیەوە ئێران خۆی لە بەشێك لە سزا ئابوورییەكان بدزێتەوە.
یەكەم جار لە ساڵی 2008 پارەی دیجیتاڵی بیتكۆین داهێنرا كە ئەوكات نرخەكەی زۆر كەم بوو و سەرەتا 100 یەكەی ئەو دراوە بە یەك دۆلار بوو، بەڵام دوای ئەوەی خەڵك رووی تێكرد و پەرەی پێ درا، نرخی هەر یەكەیەك لەو دراوە بەرز بوووەوە بۆ سەرووی هەزار و 200 دۆلار و دواتر گەیشتە دوو هەزار و 500 دۆلار.
ئەوكات قوتابییەكی زانكۆی نەرویجی بە ناوی كریستۆفەر كۆچ، پێنج هەزار بیتكۆین دەكڕێت بە 27 دۆلار، ئەو لە بیری دەچێت كە 27 دۆلاری بە بیتكۆین داوە، بەڵام ئەكاونتەكەی هەر دەمێنێتەوە. رۆژێك كە باس و خواستی زیاتری بیتكۆین دێتە پێش، سەردانی ئەكاونتەكەی دەكات و دەبینێت حیسابەكەی بەرز بووەتەوە بۆ 880 هەزار دۆلار، كە خێرا دەیكاتە دۆلار و پارەكە رادەكێشێت، ئەو پەلەی نەكردایە حیسابەكەی بۆ دەیان ملیۆن دۆلار بەرز دەبووەوە.
كەسێكی تر بە ناوی یەرید كێنا پێنج هەزار بیتكۆین بە هەزار دۆلار دەكڕێت، دیارە نرخی هەر بیتكۆینێك 20 سەنت بووە و دوای ماوەیەك بیتكۆین بوو بە 258 دۆلار، بڕی ساماناكەی ئەو بەرز بووەوە بۆ ملیۆنێك و 290 هەزار دۆلار. ئێستە نرخی هەر بیتكۆینێك سەرووی حەوت هەزار دۆلارە.
بەگوێرەی “icoption” دوو هەفتە لەمەوبەر نرخی هەر بیتكۆینێك پێنج هەزار و 500 دۆلار بوو. سەرەتای مانگی رابردوو نرخەكەی چوار هەزار و 400 دۆلار بوو. مانگ و نیوێك لەمەوبەر نرخەكەی سێ هەزار و 300 دۆلار بوو. ئەمە نیشانی دەدات كە لە ماوەی مانگ و نیوێكدا نرخی هەر بیتكۆینێك 100% بەرز بووەتەوە.
ئەگەر مانگ و نیوێك لەمەوبەر كەسێك بایی ملیۆنێك دۆلار بیتكۆینی هەبووایە، ئەوا ئێستە سەرمایەكەی بووەتە دوو ملیۆن دۆلار.
لە دوای دراوی بیتكۆین جۆرە دراوێكی تری دیجیتاڵی دروست بوو كە تەنانەت كارپێكردنی دراوەكە گەیشتە هەرێمی كوردستانیش. ئەو جۆرە دراوە بە ONECOIN ناسراوە و لەسەر بنەمای ئەزموونی سەركەوتووی بیتكۆین Bitcoin دامەزراوە كە ئێستە لە ئاستی جیهانیدا رۆڵی هەیە و ناسراوە، تەنانەت دەگوترێت وەنكۆین هەموو ئەو كەموكورتییانەی كە بیتكۆین هەیبوو، وەلا ناوە و بە شێوەیەكی پێشكەوتووتر هاتووەتە بازاڕەوە.
دكتۆر رۆژا ئیگناتۆرای بولگاری دامەزرێنەری وەنكۆینە و كۆمپانیای وەنكۆینیش بووەتە كۆمپانیایەكی جیهانی و لە ئەوروپا، باشووری ئاسیا، ئەفریقا، ئەمەریكای لاتین چالاكی هەیە و ئۆفیسی لە ئەوروپا و چین و ئیماڕات كردووەتەوە. ئەو كۆمپانیایە بەشیوەیەكی بەربڵاو گەشەی كردووە بە چەمكێكی تازە و سەردەمیانە كار دەكات و پلانی ستراتیجی گەورەی داناوە تا ببێتە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی دراوی دیجیتاڵ.
سیستەمەكە دوور لە هەموو جۆرە سنووردانانێكی دەوڵەت و یاسا و بانكی ئابوورییە، چونكە دیجیتاڵە، لە ئابووریدا ئازادە، واتە ئەوە كڕیارەكانێتی دەبنە هۆكاری بەرزكردنەوەی نەك سیستەمی وڵاتێك. هەروەها خێراترینە لە گواستنەوەی دراو. هەر بە مۆبایلەكەت دەتوانی سوودی لێ وەربگری. لە حەواڵەی بانكیدا كەس ناچار نییە پارە بە بانك بدات و بە یەك كلیك پارە بۆ كەسێكی تر دەنێری.
بە گشتی ئەو پێگەیەی بیتكۆین هەیەتی، هیچ كاتێك وەنكۆین نەیبووە و وەنكۆین ویستی پێش بیتكۆین بكەوێتەوە، بەڵام لە زۆر لە وڵاتانی دنیا كێشەی بۆ دروست كرا و ئەوەش وای كردووە میدیاكانی دنیا كەمتر باس لە وەنكۆین بكەن.