وەرزی لێکردنەوەی زەیتوون لەهەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

زەیتوون دارێکی ھەمیشە سەوزە کە حەز لە بناری شاخ و کەناراوەکان دەکات و مێژووی ئەو دارە زۆر کۆنە و لە ئایینە پیرۆزەکانیش ناوی هاتووە، جگە لە بواری ئابووری، زەیتوون سوودێکی باشیشی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ.

لە نیوەی مانگی ئەیلوول تا نیوەی مانگی تشرینی دووەم، وەرزی لێکردنەوەی زەیتوون دەست پێدەکات و بە چەند قۆناغێکدا دەڕوات بۆ ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە. 

زەیتوون دارێکی بەسوودە لە ھەردوو بوارەکانی ئابووری و ژینگە. لە رووی تەندروستیشەوە رۆنی زەیتوون زۆر سوودبەخشە بۆ مرۆڤ، چونکە شلە رۆنەکەی زەیتوون بە ھیچ جۆرێک کۆلیسترۆڵی زیانبەخشی تێدانییە بەڵکو کۆلیسترۆڵی سوودبەخشی تێیدایە کە دەبێتە ھۆی توانەوەی کۆلیسترۆڵی زیان بەخش.

کرێکارانی لێکردنەوەی زەیتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە لەماوەی وەرزی لێکردنەوەی زەیتوون، رۆژانە هەشت کاتژمێر بە بەردەوامی زەیتوون لە دارەکان دەکەنەوە و دواتر دەیخەنە ناو گووشی نایلۆن.

لە باخێکی گوندی شناڤ سەر بە شارەدێی ئیبراهیم خەلیل سەر بە شارۆچکەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک کە هەندێک لە ئاوارەکانی شنگال کرێکارییان تێدادەکرد ئاماژە بە چۆنیەتی کارەکەیان دەکەن و دەڵێن رۆژانە هەشت کاتژمێر بە بەردەوامی کار دەکەن و خەریکی لێکردنەوەی زەیتوونن لە دارەکان.

خالد زیاب کە خەڵکی شارۆچکەی باشیکە و ئاوارەی شارەدێی ئیبراهم خەلیل بووە، ئەو لەگەڵ کۆمەڵێک کرێکاری دیکە کە ئەوانیش ئاوارەی شنگال و ناوچەکانی دیکەی عێراقن و لە باخێک خەریکی لێکردنەوەی زەیتوون بوون.

خالد زیاب وتی “ئێمە کاری لێکردنەوەی زەیتوون دەکەین، بۆ هەر تەنەکەیەک هەزار و ٥٠٠ دینار وەردەگرین، داهاتەکەمان بەپێی رۆژ جیاوازە و دەمینێتەوە سەر کاتژمێری کارکردنمان کە رۆژانە هەشت کاتژمێر کار دەکەین و ئەگەریش زیاتر کار بکەین بێگومان داهاتمان زیاتر دەبێت”.

خالد زیاب باسی لە قۆناغەکانی خۆشکردنی زەیتوونی کرد و وتی: “سەرەتا زەیتوون لە دارەکە دەکرێتەوە و پاشان دەشورێتەوە و پاک دەکرێتەوە و دواتر دەیخەینە ناو ئاو، هەندێک جار شەش تا حەوت مانگ دەمینێتەوە و پاشان دەیفرۆشین و ئەوانەی دەیکڕن بەپێی خواستی خۆیان چاکی دەکەن”.

ئەو کرێکارە ئاماژە بەوەش دەکات کە زەیتوون جۆری زۆرە و ئەوەی ئەوان لەو باخە لێی دەکەنەوە پێی دەڵێن زەیتوونی سووری و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “زەیتوون جۆری زۆرە و ئەوەی ئێستا ئێمە لێیدەکەیەنەوە جۆری سووریی پێدەڵێن و بەڵام ئەوەی شارۆچکەی باشیک لە هەموو جۆرەکانی دیکە باشترە”.

زەیتوون یەکێکە لەو پێکهاتانەی کە دەکرێتە ناو ترشیات، ترشیات فرۆشێک کە ماوەی ٣٥ ساڵە خەریکی ئەو کارەیە ئاماژە بەوە دەکات کە زەیتوون جۆری زۆرە و لە ئێستاشدا زەیتوونی تورکی خواستێکی زۆری لەسەرە بەڵام نرخی لە زەیتوونی دیکە گرانترە.

ترشیاتفرۆش، زۆراب حاجی نادر، وتی: “تورشی لە تەرۆزی و خیار و کەلەم و قەڕنابیت و سێو پێک دێت، زەیتوونیش یەکێکە لە پێکهاتەکانی ترشیات، زەیتوون کە لەنیوەی مانگی ٩ تا نیوەی مانگی ١١ لێدەکرێتەوە، دوای ئەوە بۆ خواردن بەکارنایەت و دەکرێت بە رۆن، بەڵام ئێستا ئێمە زەیتوونەکان لە دەرەوە هاوردە دەکەین چونکە جۆری زۆرە، وەکو ئیسپانی، تورکی، میسری، یۆنانی، سووری و ئیتاڵی”.

زۆراب حاجی نادر وتیشی: “شارۆچکەی باشیک کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی مووسڵ یەکێکە لە شوێنە بەناوبانگەکان بۆ بەرهەمهێنانی زەیتوون کە دابەشی عێراقی دەکات، هەروەها ئەو جۆرە زەیتوونانەی کە ئێستا لە بازاڕدا هەن، زەیتوونی تورکی لە جۆرەکانی دیکە باشترە و خواستی زۆری لەسەرە بەڵام نرخەکەی هەندێک گرانترە لە زەیتوونی دیکە”.