سه‌رۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی زانیاری نوێ له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی مه‌رزی په‌روێزخان به‌ڕوی هه‌رێمدا ئاشكراده‌كات و ته‌ئكیدده‌كاته‌وه، چاوه‌ڕوانده‌كرێت سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو مه‌رزه‌كه بكرێته‌وه.
سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی بهSNNی ڕاگه‌یاند، “بۆكردنه‌وه‌ی مه‌رزی په‌روێزخان به‌ڕوی هه‌رێمدا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌تی عیراق له‌په‌یوه‌ندیداین”.
وتیشی:”به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌دواداچونه‌ی كردومانه چاوه‌ڕوانده‌كرێت سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتودا مه‌رزی په‌روێزخان به‌ڕوی هه‌رێمدا بكرێته‌وه، هه‌رچه‌نده به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا هه‌یه، پێشهاته‌كان به‌رده‌وام گۆڕانكارییان به‌سه‌ردادێت”.
به‌وته‌ی سه‌رۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی، “به‌رپرسانی ئێران گرفتیان له‌كردنه‌وه‌ی مه‌رزی په‌روێزخان به‌ڕوی هه‌رێمدا نییه‌و ئێستاش كه مه‌رزه‌كه داخراوه تاران زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌مه”.
له‌و ڕوه‌شه‌وه وتی:”بۆ كردنه‌وه‌ی مه‌رزه‌كه كه ماوه‌ی زیاتر له 15ڕۆژه داخراوه، ته‌نها ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی عیراق ماوه، جگه‌له‌وه‌ش له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین بۆ كردنه‌وه‌ی”.