لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرمادا خواست لەسەر كڕینی زۆپای غاز لەزیادبوندایە


خواست لەسەر كڕینی زۆپای غاز لەهەرێمی كوردستان لەزیادبوندایە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرما، ئەوەش بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت و بەرزی نرخەكەی لەبازاڕەكاندا.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرماوسۆڵە، هاوڵاتیان ڕوودەكەنە بازاڕەكان بۆ كڕینی ئامێرەكانی خۆگەرمكردنەوە، لەساڵانی ڕابردوودا زۆربەی هاوڵاتیان زۆپای نەوتیان بەكاردەهێنا، بەڵام  ماوەی دووساڵە بە ڕێژەیەكی زۆر زۆپای غاز بەكاردەهێنن.

ئاری ڕەشید  لەپێشانگایەکی ئامێرە کارەباییەکاندا لەسلێمانی خەریکی مامەڵەکردن بوو لەگەڵ خاوەنی پێشانگاکەدا بۆ کڕینی زۆپای غاز وتی‌ “هاتووم بۆ ئێرە زۆپای غاز بکڕم بۆ زستان، چونکە نەوت ئەوەندە گرانە کەس ناتوانێت بیکڕێت”.

وتیشی “هەرچەندە غازەکەش ئەوەندە هەرزان نییە، بەڵام لەبەرئەوەی بەشێوەی بتڵ دەیكڕین ئەگەرکەسێک پارەشی زۆر پێ نەبێت دەتوانێت لە هەفتەکەدا بتڵێک هەر بکڕێت”.

ماوەی دوو ساڵە حكومەتی هەرێم نەوتی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەكردووە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەكەی، لەئێستادا نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 130 هەزار دینارە.

هۆكاری روكردنە زۆپای غاز هەرزانی نرخەكەیەتی بەراورد بەنەوت، نرخی بتڵێك غاز كە به‌ نزیكەیی بەشی هەفتەیەك دەكات، لەئێستادا بە حەوت هەزارو 500 دینارە.

دڵشاد قادر کە هەشت ساڵ زیاترە غاز دەفرۆشێت دەڵێت “بەکارهێنانی غاز لەلایەن هاوڵاتیانەوە  بۆ ماوەی  دوو ساڵ دەبێت زیادیکردووە، چونکە هاوڵاتیان لەماوەی ئەم دووساڵەدا زۆپای غاز بەكاردەهێنن، لەچاو نرخی نەوتدا هەرزانترەو لەئێستاشدا نەوت نییە”.

هەروەها ‌دەڵێت هەرچەند هاوڵاتیان گلەیشیان هەیە، بەڵام بەکاریشی دەهێنن، لەبەرئەوەی نەوت زۆرگرانەو توانای کڕینیان نییە.

خاوەن پێشانگاكان، پێشبینی دەكەن ئەمساڵ رێژەیەكی زیاتر لە زۆرپای غاز بفرۆشن، بەو پێیەی نرخی نەوت گرانە، لەكاتێكدا هێشتا وەرزی سەرما نەهاتووە.

پشتیوان تەمەن ٢٥ ساڵ خاوەنی پێشانگای بەڵێن بۆ فرۆشتنی ئامێرەكانی ناوماڵ،  وتی “كڕینی زۆپای غاز بەڕێژەیەكی بەرچاو لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیادیكردووەو زۆپای نەوتیش كەمی كردووە”.

وتیشی “زۆپای غاز زیاتر دەفرۆشین لەئێستادا، پێمانوایە ئەمساڵ زۆرتریش دەفرۆشرێت لەچاو ساڵی ڕابردودا، چونكە نەوت گرانە، زۆپای غازیش تێچونی کەمترە و بڕی گەرمییەکەشی زۆرترە  لەنرخیشدا هەرزانترە”.

زۆپای غاز چەند جۆرێكی هەیە، بەشێكیان بتەڵەكەیان بەزۆپاكەوە بەستراوە، نرخەكەیان نزیكەی 50-60 هەزار دینارە، بەشێكی دیكەشیان كە ئۆتۆماتیكەو بتڵەكەی لەدەرەوە دادەنرێت و لولكێشی ئاڵوگۆڕی هەوای لەگەڵدایەو دەبێت لەشوێنێكی جێگیر دابنرێت، نرخەكەی گرانتره‌.

شێنێ عزیز، كە لەپێشانگایەكدا سەرقاڵی كڕینی زۆپای غاز بوو وتی “دوو ساڵە بەرمیلێک نەوتمان وەرنەگرتووە لەکاتیکدا ژێرمان هەمووی نەوتە، بۆیە ناچارین پەنا بۆکڕینی زۆپای غاز ببەین، ئەگەر چی غازەکەش  ئەوەندە هەرزان نییە، بەڵام باشترە لەگەڵ ئەوەشدا سەلامەتیش نییە”.

باسی لەوەشكرد، ساڵانە پێویستیان بەچوار بەرمیل نەوتە “ئەمەش لەسەر ئێمە زۆر  دەکەوێت، ئەگەر حکومەت دوو بەرمیل نەوتیشمان پێ بدات، نرخەکەی دادەبەزێت و خۆشمان دوو بەرمیلەکەی تر دەکڕین و سەرماو سۆڵەی زستانی پێ تێدەپەڕێنین هەرچۆنێك بێت”.

فرۆشتنی زۆپای غاز لەبازاڕەكاندا تائێستا بەبێ چاودێرییە، لیژنە هاوبەشەكانی سەر بە قایقامیەت دەلێن تائێستا كه‌س سكاڵای‌ تۆمارنه‌كردووه‌ تا به‌دواداچوون بكه‌ن.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند “ئێمە تائێستا  چاودێری ئەو ئامێرانەمان نەكردووە، چونكە تائێستا باس لەوەنەكراوە كەزیانی تەندروستی هەبێت، تائێستاش كەس سكاڵای تۆمارنەكردووە، تائێمە سزایان بدەین و چاودێریان بكەین”.