ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرمانی عیراق رایگەیاند: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن حكومەتی عیراقەوە كارێكی گران نییە.
قادر مەلا محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی، هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی، بە پیوكەی میدیایی راگەیاندووە: لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە لە لایەن حكومەتی عیراقەوە دەكرێت میكانیزمێكی نوێ بدۆزرێتەوە، چونكە لەئێستادا حكومەتی عیراق ئەو رێژە فەرمانبەرە بە خەیاڵی دەزانێت و لەبەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم ئەو لیستەی كە تایبەتە بە رێژەی فەرمانبەرانی هەرێم و لای حكومەتی عیراقە، بە لیستێكی كۆن وەسفدەكات.
قادر مەلا محەمەد وتیشی: دەكرێت میكانیزمێكی وەك بایۆمەتری فەرمانبەران بكرێتە پێوەر و كار لەسەر ئەو میكانیزمە بكرێت، كەپێشتر حكومەتی هەرێم بۆ چاكسازی لە مووچەدا ئەو هەنگاوەی نابوو. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق راشیگەیاند: دەكرێت رێژەی مووچەخۆرانی دروست و خانەنشینان و پێشمەرگەو هێزەكانی ناوخۆ و ئەوانیتریش، بەجیا پۆلێن بكرێن و لەسەر ئەو بنەمایە حكومەتی عیراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: لەگەڵ ئەوەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن حكومەتی عیراقەوە كارێكی گران نییە و رێگا زۆرە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ ئەو مەبەستە نەنراوە.