بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، میران محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا پلانێكمان دانا بۆ ئەوەی نرخی دەرمان داگرین بەتایبەت ئەو دەرمانانەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، هەروەها نەهێشتنی جیاوازی نرخی دەرمان لە نێوان دەرمانخانەكاندا، كارمان كردووە لەسەر ئەو دوو بابەتە”.
ئەو وتی: “لیژنەیەكمان دروستكردووە لە نێوان تەندروستی سلێمانی و سەندیكای دەرمانسازان بۆ قەدەغەكردنی پێدانی دیاری لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بە مەدخەل و خەڵكەكە، ئێمە سەردانی ئەو كۆمپانیایانە دەكەین و داوایان لێدەكرین لە بری ئەو دیارییەی دەیدەن، نرخی دەرمانەكان لە سەرەتاوە هەرزان بكەن”.
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاماژەی كرد بەوەی، ، داوا لە كۆمپانیاكان دەكەن رەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بكەن و نرخی دەرمانەكانیان دابەزێنن.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ماوەی دووساڵە سەرقاڵی پڕۆژەیەكە بۆ یەكخستنی نرخی دەرمان لە دەرمانخانەكانی هەرێمی كوردستان، میران محەمەد وتی: “لەو رووەوە كاری باش كراوە و توانراوە هێنانی دەرمان بە رێگای قاچاخ قەدەغە بكرێت و هەموو دەرمانەكانیش خراونەتە ژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستییەوە”.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لە بارەی دۆخی تەندروستی ئاوارەكانی كەركووك وخورماتوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی كرد بەوەی، ئەو ئاوارانەی لە كەمپەكان نیشتەجێكراون دۆخی تەندروستیان باشە و بەردەوام چاودێری دەكەن، بەڵام كێشەی ئەوان ئەو كەسانەن كە نەچوونەتە كەمپەكانە و لە شارو شارۆچكەكان بڵاوبونەتەوە و ناتوانن چاودێری تەندروستیان بكەن.