لە ناوەڕاستی مانگی 11دا كۆمپانیای رۆزنەفتی رووسی گرێبەستەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە. بەرپرسێكیش ئاشكرای دەكات، لەگەڵ دەستپێكردنی كارەكانیدا كۆمپانیاكە یەک ملیار دۆلار دەدابە حكوومەت.
د. ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژیی كوردستان رایگەیاند، وێڕای ئەو كێشانەی لەدوای ریفراندۆم و پاش 16ی ئۆكتۆبەریش هاتنە پێشەوە، بەڵام كۆمپانیاكە و حكوومەتی رووسیا جێبەجێكردنی گرێبەستەكانیان دووپات كردەوە، وتیشی: ”بەپێی گرێبەستەكە، سەرەتا كۆمپانیاكە یەك ملیار دۆلار دەداتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارەكەش لە مانگی 11دا دەدرێت”.
دواتر وێڕای ئەو ملیار دۆلارە دوو ملیار دۆلاری تریش بەپێی گرێبەستەكە دەبێت لە لایەن رۆزنەفت بدرێتە هەرێمی كوردستان، كە بەشێك لەو پارەیە دەدرێتە بانكەكان و بەشێكی تریش بۆ پڕۆژە و قەرزەكان دەبێت.
خۆشناو پێی وایە: ”لە رووی ئابووری و سیاسی و نێودەوڵەتیدا هاتنی كۆمپانیای رۆزنەفت و مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە لایەن هەر كۆمپانیایەكی تری بیانی بۆخۆی مانایەكی گەورە دەبەخشێت و مانەوەی شەرعییەتی هەرێمی كوردستانە”.
كۆمپانیای رۆزنهفت له مانگی شوباتی 2017 لهگهڵ ههرێمی كوردستان ڕێکكهوتنی واژۆ كردبوو بۆ كڕینی نهوتی خاو له ههرێم، پاشان لە مانگی 6ی 2017 هەردوولا گرێبسەتێكیان ئەنجام دا، بەپێی گرێبەستەكە كۆمپانیاكە بۆڕیی نەوت و غاز رادەكێشێت و كاریش لە چەند كێڵگەیەكی نەوت ئەنجام دەدات.
سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژیی كوردستان جەخت دەكاتەوە، ئەو گرێبەستە نەوتییانەی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داون دەستووری و یاسایین، گوتیشی: ”53 گرێبەستی گەورەی نەوتیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، كە تیایاندا زیاتر لە 40 وڵاتی جۆراوجۆر هەیە و زۆربەشیان بەردوامن لە كارەكانیان”.
ئەو راشی گەیاند، هەندێك بەرنامەی تریش هەیە لە مانگی 11 و مانگی 12 دوو گرێبەستی تری نەوتی ئەنجام بدرێن.
بەپێی گرێبسەتەكان، رۆزنەفت بۆڕیی غازی ھەرێم بۆ بەکارھێنانی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و سەرجەم کارگە ناوخۆییەکانی ھەرێم دابین دەکات و لە چەند ساڵی داھاتووشدا غازی ھەرێم بە بڕی پێویست بۆ بازاڕەکانی تورکیا و ئەوروپا ھەناردە دەكات. ھێڵی بۆڕییەکە لە توانایدایە زیاتر لە ٣٠ ملیار پێی سێجا غازی سروشتی ھەناردە بکات، سەرەڕای دابینکردنی غاز بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی.
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە، لە مانگی داهاتوودا كۆمپانیای رۆزنەفت دەست بە كارەكانی دەكات و بەپێی گرێبەستی واوژۆكراو كارەكانی بەڕێوە دەبات.
سەرچاوەكە جەختی كردەوە، رۆزنەفت لە مانگی 11دا بڕی یەك ملیار دۆلار دەداتە هەرێمی كوردستان و پاشان پارەی تریش دەخرێتە سەر حیسابی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.