وه‌زیری گومرك و بازرگانی توركیا رایگه‌یاند، هاتوچۆی له‌ده‌روازه‌ی سنووری خابوور به‌رده‌وامه‌و ده‌روازه‌كه راده‌ستی عێراق كراوه.
بوله‌نت توفه‌نكجی له‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی وتی “له‌دوێنێ-وه سێ هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌خابووره‌وه چوونه‌ته ژووره‌وه. له كاتی ئاسایی‌دا ژماره‌ی هاتوچۆی رۆژانه له‌ده‌روازه‌ی سنووری خابوور گه‌یشتووه‌ته تاچوار هه‌زار ئۆتۆمبێل”.
باسی له‌وه‌شكرد، ده‌روازه‌ی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل راده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق كراوه “ئه‌وه‌ش هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ره”.
توفه‌نكجی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كاتێک سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌ردانی توركیای كرد تاوتوێی بابه‌تی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی نوێ كرا له ئۆڤاكۆی، لایه‌نی عێراقی ئه‌رێنیانه له‌و باره‌وه نزیكبووه‌ته‌وه. بابه‌ته‌كه نه‌هاتۆته رۆژه‌ڤه‌وه، به‌ڵام كاره‌كان له‌و باره‌یه‌وه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان درێژه‌ی هه‌یه.
وتیشی “بوونی ده‌روازه‌ی دووه‌می جێگره‌وه گرنگه كه بازرگانیمان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ره‌وپێش ده‌بات و فراوانی ده‌كات، گرنگه بۆ پاراستن له‌رووی هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌رێمی. گه‌رمی و پێشكه‌وتنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراقدا كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی دووه‌می سنووری ده‌كاته ناچاری. ئێمه ئه‌و بابه‌ته به پلانی دووه‌م نابینین له‌باره‌ی راگرتنی كاره‌كان یان راده‌ستكردنی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل به حكوومه‌تی ناوه‌ندی”.