لە بارەی گرێبەستەكانی لەگەڵ هەرێم ..عێراق داوای ڕوونكردنەوە لە كۆمپانیای نەوتی رۆزنەفت دەكات


عێراق داوا لە كۆمپانیای رۆزنەفتی ڕووسی دەكات، لەبارەی گرێبەستەكانی بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و ووزەی هەرێمی كوردستاندا، ڕوونكردنەوە بدات.

عاسیم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی  نەوتی عێراق، ئەمرۆ لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فاینێنشڵ تایمز ڕایگەیاندووە ” ئێمە داوامان كردووە كە رۆزنەفت ئەم گرێبەستە بۆ ئێمە ڕوونبكاتەوە. لەمیانی سەردانەكەماندا بۆ مۆسكۆ وەزیری ووزەی ڕووسیا جەختیكردەوە كە هەموو ئەو گرێبەستانەی لەلایەن كۆمپانیا ڕووسییەكانەوە واژۆكراون بە حكومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتدا تێپەڕدەبن.” 

ڕۆزنەفت وەكو یەكێك كۆمپانیا زەبەلاحە نەوتییەكانی سەربە حكومەتی ڕووسیا، لە چەند مانگی ڕابردوودا چەند گرێبەستێكی لە گەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا واژۆكرد بۆ وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

 هەروەها لەبەرامبەر پەرەپێدان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمدا، پێشوەختە بڕی سێ ملیار دۆلاری داوە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

فاینێنشڵ تایمز لەزاری چەند كەسێكی نزیك لە حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە كە  توڕەیی بەغدا لەبەرامبەر رۆزنەفت لە چەند هەفتەی رابردوودا زیادی كردووە ئەویش دوای ئەوەی رۆزنەفت گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی پێنج كێڵگەی نەوتی هەرێم واژۆكرد. 

هەتا ئێستا رۆزنەفت هیچ روونكردنەوەیەكی نەخستووەتەڕوو.

دوێنێ وتەبێژێك بە ناوی كۆمپانیای رۆزنەفتەوە بڵاویكردەوە كە كۆمپانیاكە  “بەرپرس نییە لەوەی وەڵامی هیچ لایەنێك بداتەوە.”

لەسەرەتای ئەم مانگەدا حكومەتی ناوەندی سەرجەم كۆمپانیا بیانییەكانی لە هەرێمی كوردستان ئاگاداركردەوە كە ئەو گرێبەستە نەوتییانەی لەگەڵ هەرێمدا بەبێ ڕاوێژكردن بە بەغدا واژۆیان كردووە، پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتیین.