سوپا ساڵاری ئێران ڕایدەگەیەنێت: بەمزوانە سەرجەم ڕێگرییەكانی سەر سنورەكانی هەرێمی كورستان لادەبەین و ئاڵوگۆرە بازرگانیەكان ئاسایی دەبێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، محەمەد باقری سوپا سالاری ئێران لە پەراوێزی دیداری نیشتیمانی بۆ بەرگری مەدەنی ڕایگەیاند: بەمزانە سەرجەم ڕێگرییەكان لەخاڵە سنورییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان هەڵدەگرین و سنورەكان دەكەینەوە و كێشەكان چارەسەر دەكەین.
جێگای ئاماژەبۆكردنە پێشتر سیروان محەممەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاندبوو ”ئێران رەزامەندی لەسەر كردنەوەی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان داوە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی عێراقە”.
بۆ بازرگانیكردن و هاتووچۆی خەڵك، ئێران و هەرێمی كوردستان چەندین دەروازەی سنووریی هاوبەشی فەرمیان هەیە، لەوانە دەروازەکانی پەروێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمەران دەروازەی سنووری فەرمین و هەریەك لە دەروازەکانی كێلێ و سەیرانبەن و تەوێلەش نیمچەفەرمین.