به‌غدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی ده‌نێرێت

 حكومه‌تی عیراق ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم بكات و په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “به‌غدا ئاماده‌یه‌ موچه‌ی پارێزگای سلێمانی و هه‌ر پارێزگایه‌كی دیكه‌ی‌ هه‌رێم بنێرێت، كه‌ داهاتی ناوخۆیی پارێزگاكه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌تی عیراق بكات”.

محه‌مه‌د عوسمان په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ میدیاكانی نزیك له‌ یه‌كێتیان ڕاگه‌یاند، “به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانم و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا حكومه‌تی عیراق موچه‌ی ئه‌و پارێزگایانه‌ی هه‌رێم دابینده‌كات كه‌ ئاماده‌ن سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانیان ڕاده‌ستی عیراق بكه‌ن و پارێزگاكه‌ش به‌ڕه‌سمی ئه‌و داوای له‌حكومه‌تی عیراق بكات”.

وتیشی:”ئێستا پارێزگای سلێمانی واده‌یه‌كی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم دیاریكردوه‌، ئه‌گه‌ر وه‌ڵام نه‌درێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ داوا له‌به‌غدا ده‌كات و به‌غداو ته‌نانه‌ت سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش ئاماده‌یه‌ موچه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بنێرێت”.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا به‌گوێره‌ی‌ ده‌ستور حكومه‌تی عیراق ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێمدا بكات، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتیی وتی:”هه‌ندێكجار كه‌ دۆخی نائاسایی دێته‌پێشه‌وه‌، ناتوانرێت به‌ته‌واوه‌تی ڕێوشوێنه‌ یاسایی و ده‌ستوریه‌كان جێبه‌جێبكرێت، بۆیه‌ له‌پێناو دابینكردنی ژیان و قوتی خه‌ڵك، ئاساییه‌ ئه‌وكاره‌ بكرێت”.