بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە ئاشكرایدەكات، وەزارەتی بازرگانی عێراق داوای لیستی پارەی گەنمی ئەمساڵ و 3 ساڵی پێشتری جوتیارانی پارێزگای سلێمانی كردووە و ئەوانیش لیستەكەیان رەوانەكردووە.
ئەندازیار ئەمین محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق داوای سەرجەم بڕی پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 و 2017 گەنمی جوتیارانی پارێزگای سلێمانی كردووە، كە لای حكومەتی بەغدا ماوە و داوایكردوە بەنوسراوی رەسمی بۆیان بنێرین، لەكاتێكدا پێشتر لەڕێگەی ئیمەیڵەوە رەوانەمان دەكرد.
وتیشی، لەسەر داوای وەزیری بازرگانی عێراق لیستی سەرجەم بڕی ئەو پارەیەی كە ماوە رەوانەكراوە كە بڕەكەی 188 ملیار دینارە، بەنوسراوی فەرمی لەڕێگەی كۆمپانیای گشتیی بازرگانی خۆراكی عێراقەوە رەوانەی وەزارەتی بازرگانیمان كردوە.
بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە ئاشكراشیكرد، داواكردنی نوسراوی ئەمجارە جیاوازە، چونكە خودی وەزیر خۆی داوایكردووە و پێدەچێت بەرزیبكاتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی خەرجكردنی.