کردنەوەی دەروازەکانی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران لەسەر بڕیاری بەغدا ماوە

سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازیی سلێمانی سیروان محەمەد رایدەگەیەنێت، ”ئێران رەزامەندی لەسەر كردنەوەی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ‌و پەروێزخان داوە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی عێراقە”.

سیروان محەممەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بۆ كردنەوەی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ‌و پەروێزخان قسەیان لەگەڵ حكومەتی ئێران كردووە، ئەوان رەزامەندییان نیشانداوە و چاوەڕێی حكومەتی عێراق دەكەن‌.

سەرۆکی ژوور وتیشی: “ئێران لە كردنەوەی ئەو دوو دەروازەیە هیچ گرفتێكی نییە، بڕیاری كردنەوەی داون ‌و بە ئێمەیان گوتووە چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی بەغداین، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممەش حكومەتی عێراق بەفەرمی وەڵامی ئێران بداتەوە”.

سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، کە لە بەندەری عەباس دەستكراوەتەوە بە رەوانەكردنەوەی بارە بازرگانییەكان بۆ دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، ئەمەش دوای وەستانی بۆ ماوەیەكی زۆر.

رۆژی یەكشەمە 15-10-2017 كۆماری ئیسلامی ئێران هەرسێ‌ دەروازە سنوورییە فەرمییەكەی (پەروێزخان ‌و باشماخ ‌و حاجی ئۆمەران) ی بەڕووی هەرێمی كوردستان داخستن ‌و تاوەكو ئێستاش تەنیا دەروازەی باشماخ بەهەوڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كراوەتەوە. 

بۆ بازرگانیكردن ‌و هاتووچۆی خەڵك، ئێران ‌و هەرێمی كوردستان چەندین دەروازەی سنووریی هاوبەشی فەرمیان هەیە، لەوانە دەروازەکانی پەروێزخان ‌و باشماخ ‌و حاجی ئۆمەران دەروازەی سنووری فەرمین ‌و هەریەك لە دەروازەکانی كێلێ‌ ‌و سەیرانبەن‌ و تەوێلەش نیمچەفەرمین.